لە گوندێکی سنووری زاخۆ بەهۆی تەقینەوەیەکەوە پێشمەرگەیەک بریندار دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر رێگەیەکی سنووری زاخۆ، بەهۆی تەقینەوەیەکەوە پێشمەرگەیەک بریندار بوو. 
 
فەرماندەیەکی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو پێشمەرگەیە لە ئەرکی خۆی بەرەو ماڵەوە دەگەڕایەوە و بە سووکی بریندار بووە. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا نازانن بۆمبی پێدا تەقیوەتەوە یان بەشێوەیەکی دیکە بووە.
 
ئەو پێشمەرگەیەی بریندار بووە ناوی جاسم محەممەد عەبدولقادر و تەمەنی 50 ساڵە. بە ئۆتۆمبێلی خۆی لە ئەرک بەرەو ماڵەوە دەگەڕایەوە.

 

هێشتا نازانرێت تەقینەوەکە چۆن بووە. غەریب مەجید، پەیامنێری رووداو دەڵێت، تەقینەوەکە کاژێر 12:30ـی ئەمڕۆ بووە و بەرپرسێکی باڵای پێشمەرگە پێی گوتووە، تەقینەوەکە لە نزیک بازگەی زڕێزەی پاسەوانی سنوور بووە، "شتێک کەوتووەتەخوارەوە و ئەوانیش نازانن گولـلە هاوەن بووە یان بۆمبی چێندراو".
 
پێشمەرگە بریندارەکە براوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ. ئەمیر عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ بە رووداوی گوت، تەندروستیی بریندارەکە "زۆر باشە" و یەک ساجمە لە پشتی بوو، بەڵام کاریگەری لەسەر برینی نەبووە.