بەلەمێکی کۆچبەران لە لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتووە و بێسەروشوێنە
رووداو دیجیتاڵ
بەلەمێکی کۆچبەران کە تەواوی سەرنشینەکانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریان لە دەریای نێوەڕاست بێسەروشوێنە. کەسوکاری یەکێک لە سەرنشینەکان دەڵێت، "لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە بێ هەواڵن".
ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی 1ی 2025، مەسعود خەلیل حەمۆ، برای یەکێک لە سەرنشینەکانی نێو بەلەمەکە بە رووداوی گوت: "براکەم کاژێر 01:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتووە؛ لەنێو دەریای نێوەڕاست بەلەمەکەیان بەنزینی تەواو بووە".
پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا لەو بارەوە بە رووداوی گوت: "هەواڵەکە راستە و ئاگادارین. پەیوەندیم بە ئاژانسی چاودێریکردنی سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا (فڕۆنتێکس) کردووە و دەڵێن هیچ کەسێک داوای یارمەتی لێیان نەکردووە".
ئەو نوێنەرەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا دەشڵێت، "سەرنشینانی نێو بەلەمەکە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریان. بەداخەوە رێگەی ئیجە بۆ یۆنانیش بەکاردەهێنن و لەم هەفتەیە سێ رووداوی هاوشێوە روویانداوە و زۆر مەترسیدارە".
بە گوتەی مەسعود خەلیل کە خەڵکی سەرێکانییە، "سەرنشینانی بەلەمەکە دۆخیان خراپە و نزیکەی 30 کەس دەبن. خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و عەرەبی سووریایین و بێسەروشوێنن".
کەسوکاری کەسێکی دیکەی نێو بەلەمەکە کە عەرەبە و خەڵکی سووریایە بە روودای گوت: "تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێکیان نییە کە پێویستە لە نێوان دوو سێ کاژێر جارێک، هەواڵمان پێبدەن. بەڵام نازانین چییان بەسەر هاتووە کە هەموویان بە بەلەمەوانەکەشەوە گیریان خواردووە".
مەسعود خەلیل لەبارەی براکەیەوە دەڵێت، "مستەفای برام تەمەنی 24 ساڵە و هاوسەرگیری نەکردووە. دەخوازین هەواڵێکی بزانین و لە تەندوستی و دۆخی دڵنیا ببینەوە. هاوکات لەنێو ئاوەکەدا هێڵی تۆڕەکانی پەیوەندییان نەماوە".