شەوی کۆتایی کەمپەینی رەنجی رووداو؛ دەست بە ناردنی هاوکارییەکان دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەشی چوارەم و کۆتایی کەمپەینی "رەنجی رووداو" بۆ رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو. دەیان هاونیشتمانی لەکاتی پێشکێشکردنی بەرنامەکە ئامادە بوون، هەریەکە لە مامۆستا جەلا خەیلانی، جێگری سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان و هونەرمەندی بەنێوبانگ شڤان پەروەریش میوانی سەرەکیی بەرنامەکە بوون.
لە سەرەتای بەشی چوارەمی کەمپەینەکەدا، هونەرمەندی گەورەی کورد شڤان پەروەر بە گۆرانیی بەنێوبانگی 'کینە ئەم؟' بەشداریی کرد و هاونیشتمانییان بە چەپڵەڕێزان پێشوازییان لێکرد.
گریانی مامۆستایەکی ئایینی بە گۆرانییەکەی شڤان پەروەر
لەکاتی گۆرانییەکەدا، مامۆستایەکی ئایینی دانیشتبوو، خۆی بۆ نەگیرا و دەستی بە گریان کرد. رەنج سەنگاوی کە ئەو دیمەنەی بینی، چوو دەستی مامۆستاکەی گرت و بە شڤان پەروەری گوت، "مامۆستا شڤان، تۆ ورەی ئێمەی، تکایە بەم مامۆستا بڵێ با نەگری."
شڤان پەروەریش چوو دەستی مامۆستا ئایینییەکەی گرت و لەنێو چەپڵەڕێزانی ئامادەبوواندا تووند یەکیان لەئامێز گرت.