هەسەدە: گرووپە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر خەراب عەشک لە کۆبانێ

 
رووداو دیجیتاڵ

هەسەدە رایگەیاند، "شەڕی سەخت لەنێوان شەڕڤانان و گرووپەکانی سەر بە دیمەشق بەردەوامە، جارێکی دیکە ئاگربەست لەلایەن گرووپەکانەوە پێشێل کرا."
 
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 26-01-2026 رایگەیاند، "گرووپە چەکدارەکان هێرشێکی زەوینی و تۆپبارانیشیان کردووەتە سەر شارۆچکەی 'خەراب عەشک' لە باکووری رۆژهەڵاتی کۆبانێ.''
 
هەسەدە دەڵێت، "هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشە، فڕۆکەی تورکیا هاوکارییان کردووە، شەڕ بۆ ماوەی زیاتر لە سێ کاژێرە بەردەوامە.''
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئاگربەستی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا 15 رۆژ درێژکراوەتەوە، هەردوولا یەکدی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن.
 
سیامەند عەلی، گوتەبێژی یەپەگە رۆژی دووشەممە 26-01-2026 بە رووداوی راگەیاند، "یەکشەممە لە 6 ناوچەوە هێرش کراوەتە سەر هەسەدە، زۆرترینیان لە کۆبانێ بوون، بە جۆرێک لە میحوەرى شارۆچکەی چەلەبیە لە باشووری رۆژهەڵاتی کۆبانێ هێرشیان کردووە، بەڵام وەڵامیان داوەتەوە و هێرشەکانیان شکاندووە."
 
میحوەرى گوندەواری رۆژئاوای کۆبانێ، بەتایبەت گوندەکانی "زێرک" و "قاسمیە،" یەکێکی دیکە بوون لەو ناوچانەی هێرشیان کراوەتە سەر، کە بە گوتەی سیامەند عەلی، بەهۆیەوە منداڵێک شەهید بووە و چوار منداڵی دیکەش بریندار بوون.
 
باسی لەوەش کرد، لە هەرێمی جزیرە بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ هێرش کرایە سەر گوندی "قرێ" لە سنووری شارۆچکەی گرکێ لەگێ، هەروەها هێرش کراوەتە سەر گوندی "سەفا" لە گوندەواری ناحیەی چڵ ئاغا.