زانکۆی ئەمریکی – سلێمانی رەتیدەکاتەوە ئاڵای کوردستانی قەدەخە کردبێت
رووداو دیجیتاڵ
لە سۆشیاڵ میدیا دەنگۆیەک بڵاوکراوەتەوە، گوایە لە زانکۆی ئەمریکی – سلێمانی، ئاڵای کوردستان قەدەخە کراوە و رێگە نادرێت ببرێتە ژوورەوە. بەرپرسی پەیوەندییەکانی زانکۆکە رەتیدەکاتەوە.
دەنگۆکە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکراوەتەوە بەو جۆرەی، گوایە لە زانکۆی ئەمریکی – سلێمانی رێگە نادرێ هەر ئۆتۆمبێلێک ئاڵای کوردستانی پێوەبێت بچێتە زانکۆکەوە، تەنانەت رێگە نادرێت ئاڵای کوردستان بە یەخەی خوێندکارانیشەوە بێت.
هەڵکەوت چەلەبی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی زانکۆی ئەمریکی – سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە تەواوی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە و بنەمای راستیان نییە."
لەبارەی بڵاوبوونەوەی دەنگۆکەوە چەلەبی گوتی، "سێشەممە چالاکییەکمان دەبێت بۆ پشتیوانیی رۆژئاوای کوردستان. دوێنێ کەسێک بە ئاڵای کوردستانەوە هات و گوتی بەشداریی چالاکی دەبێت بۆ رۆژئاوا. لە پرسگە بە رێزەوە پێیان گوتووە، چالاکییەکە سێشەممەیە نەوەک ئەمڕۆ، تەنیا ئەوەیە و گەورە کراوە."
بە گوتەی بەرپرسی پەیوەندییەکانی زانکۆی ئەمریکی – سلێمانی، سبەی چالاکی بۆ پشتگیری رۆژئاوای کوردستان دەکەن و رایگەیاند، "خۆمان لە چالاکییەکەدا ئاڵای کوردستانمان دەبێت. چۆن قەدەخەی دەکەین؟"
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، سبەی لە زانکۆی ئەمریکی "گردبوونەوەیەکی ئاشتییانە وەک هاوسۆزییەک بۆ رۆژئاوا[ـی کوردستان] دەکرێت."
زانکۆکە بە ئامادەبووان دەڵێت، "جلوبەرگی کوردی لەبەربکەن، ئاڵای کوردستان بێنن، مۆم هەڵبگرن وەک هێمای یەکگرتوویی و ئومێد."