مانگی سووری کوردی: مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەنێو منداڵانی ئاوارەدا هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، بەتایبەتی لەنێو منداڵانی ئاوارەکان لە رۆژئاوای کوردستان دەدات و دەڵێت، سێ نەخۆشخانەی حکومییان هەیە کە تەنیا 150 نەخۆش لەخۆدەگرن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 26-01-2026 هەدیە عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە هەوار جەلالەدین پێشکێشی کرد، سەبارەت بە دۆخی ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، جگە لەوەی نەخۆش و بریندرا زۆرن، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی تەندروستیش، بەهۆی سەرماوە نەخۆش کەوتوون.
 
زۆربەی ئاوارەکان لە قامشلۆ، عامودا، دێرک و تربەسپی لە قوتابخانەکاندا دەمێننەوە. بەگوتەی هەدیە عەبدوڵڵا، سەرەڕای ئەوەی گەرمکەرەوە، بەتانی و رایەخ بەسەر خەڵک دابەشکراوە، بەهۆی سەرماوە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بەتایبەتی لەنێو منداڵان زیادی کردووە.
 
هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بەوە کرد، جگە لە سێ نەخۆشخانەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، سێ تیمی تەندروستیی گەڕۆکیشیان هەیە کە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریی تەندروستی، بەردەوام سەردانی قوتابخانەکان دەکەن.
 
وەک هەدیە عەبدوڵڵا گوتی، سێ نەخۆشخانەکە بەگشتی توانای لەخۆگرتنی 150 نەخۆشیان هەیە، ''بۆیە تیمە گەڕۆکەکانمان سەردانی قوتابخانەکان دەکەن، تاوەکو پێویست بە هاتنی نەخۆشەکان نەخۆشخانە نەکات.''
 
ئەوەشی خستەڕوو، جگە لە هەبوونی ژمارەیەک بنکەی تەندروستی و نەخۆشخانەی تایبەت کە ئەوانیش بێبەرامبەر خزمەتگوزاری دەگەیێنن، دەزگای خێرخوازیی بارزانیش تیمێکی پزیشکی ناردوەتەوە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام ژمارەی نەخۆش و بریندار زۆرن و بەهۆی سەرماوسۆڵەوە، ئەگەری هەڵکشانی ژمارەکەش هەیە، ''زیاتر لە سێ هەزار خێزان تەنیا لەم دواییانەدا ئاوارە بوون.''
 
هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر باسی لەوە کرد، تەنیا سێ تیمە تەندروستییە گەڕۆکەکان سەردانی زیاتر لە چوار هەزار نەخۆشیان کردووە لە قوتابخانەکان و چارەسەر و دەرمانیان پێشکێشکردوون.
 
لە هەرێمی کوردستانەوە جگە لە پارەی کاش، خواردن و کەلوپەلی پێویست، بڕێکی زۆر دەرمان وەک هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان کۆکراوەتەوە. هەدیە عەبدوڵڵا دەڵێ، پێویستییان بە دەرمانی شۆردنی گورچیلەیە و گوتی: ''ئەو هاوکارییانە ورەی ئێمە بەرز دەکەنەوە. ئەوانەی دەیانەوێ هاوکاری بکەن، لیستێک لە دەرمانی پێویست ئامادە دەکەین و دەیدەینە دەستیان.''
 
 بەهۆی هێرشەکانی سووپای عەرەبیی سووریاوە بۆ گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لە 06ـی ئەم مانگە و دواتر فراوانبوونی هێرشەکان بۆ تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هەزاران هاونیشتمانی ئاوارەی ناوچە ئارامەکانی رۆژئاوای کوردستان بوون و پێویستیان بە هاوکاری خێرایە.
 
سەرەڕای ئەوەی ئاگربەست درێژکراوەتەوە، ئەمڕۆ هەسەدە راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق هێرشی چڕیان لە چەند قۆڵێکەوە کردووەتە سەر شارۆچکەکانی خەراب عەشک و جەلەبیە لە باشووری رۆژهەڵاتی کۆبانی.