وەزارەتی ناوخۆ: هیچ کەس و لایەنێک هاوکارییەکان نەباتە سەر سنووری رۆژئاوای کوردستان

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وردەکاریی چۆنیەتی کۆکردنەوە و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان بڵاودەکاتەوە و داوا لە خێرخوازان دەکات، بەهیچ شێوەیەک بەبێ هاوئاهەنگی کەلوپەل نەبەنە سەر سنوورەکان.
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، "دوای ئەوەی لە 22ی ئەم مانگەدا پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان راسپێردران بۆ سەرپەرشتیکردنی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ رۆژئاوای کوردستان، هەڵمەتێکی گەورە لە هەموو کوردستان دەستیپێکردووە و بڕێکی زۆر لە شتومەک و پێداویستی کۆکراونەتەوە."
 
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە، پرۆسەی گەیاندنی هاوکارییەکان بە شێوەیەکی "سەلامەت و رێکخراو" لە رووی لۆجستی و ئیدارییەوە دەستیپێکردووە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان راستەوخۆ سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکەن.
 
لە روونکردنەوەکەدا داوا لە هاونیشتمانییان و خێرخوازان کراوە، بەردەوام بن لە پێشکێشکردنی هاوکارییەکانیان، بەڵام دەڵێت، "داوا دەکەین هیچ کەس و لایەنێک کەلوپەل و کۆمەک نەباتە سنوور، چونکە گواستنەوەی ئەو هاوکارییانە پێویستی بە ئامادەکاری و رەزامەندیی پێشوەختە هەیە."
 
وەزارەتی ناوخۆ دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانیان کە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کۆچ و کۆچبەران هەموو ئەرکێکی کۆکردنەوە، رێکخستن، پۆلێنکردن و گواستنەوەی هاوکارییەکانیان بۆ نێو خاکی رۆژئاوای کوردستان لە ئەستۆ گرتووە.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا داوا لە هاونیشتمانیان کراوە بۆ گەیاندنی هەر کۆمەک و هاوکارییەک، تەنیا سەردانی ئەو شوێنە فەرمیانە بکەن کە لەلایەن پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانەوە دیاریکراون، تاوەکو بەو میکانیزمە فەرمییەی دانراوە هاوکارییەکان بگەیێنن.