ژینگەی ورمێ: هەوای شارەکە ناتەندروستە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، پێنوێنی کواڵیتیی هەوای شاری ورمێ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ئاستی "ناتەندروست"، بۆیە داوا لە هاونیشتمانییان دەکات ئاگادار بن.
سەعید موسەوی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 26ی کانوونی دووەمی 2026 رایگەیاند، رێژەی گەردیلە زیانبەخشەکانی هەوا لە شاری ورمێ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
بە گوتەی سەعید موسەوی، ئێستا پێنوێنیی کواڵێتیی هەوا (AQI) لە شاری ورمێ 144 پلەیە.
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ژینگەی ورمێ دەڵێت، بەو پێیە دۆخەکە بۆ گرووپە هەستیارەکان "ناتەندروستە"، کە بریتین لە منداڵان، بەساڵاچووان، ژنانی دووگیان و ئەو کەسانەی نەخۆشیی دڵ، سییەکان و نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان هەیە.
بەرپرسەکەی ژینگەی ورمێ هۆشداری دەداتە ئەو گرووپانە کە تەنیا لە کاتی "زۆر پێویست"ـدا نەبێت، نەچنە دەرەوە و داواش لە وەرزشڤانان دەکات، لەم کەشوهەوایەدا لە دەرەوە وەرزش نەکەن.
پیسبوونی هەوا لە ورمێ بووەتە گرفتێکی بەردەوام؛ لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا بەهۆی پیسبوونی هەواوە، چەندینجار دەوامی قوتابخانە و زانکۆکانی پارێزگاکە کراوەتە پشوو.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، پار 58 هەزار و 975 کەس لە شارە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە بەهۆی پیسبوونی هەوا و کاریگەرییەکانییەوە گیانیان لەدەستداوە.