دەزگای خێرخوازیی بارزانی: ئەمڕۆ هاوکاری دەگەیێنینە دربێسی و تربەسپی و دواتر دەچینە حەسەکە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ هاوکارییان گەیاندووەتە زیاتر لە 46 هەزار هاونیشتمانی لە رۆژئاوای کوردستان و هەنگاوی داهاتوویان گەیاندنی هاوکارییە بە حەسەکە.
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەردەوامین لە دابەشکردنی هاوکاری بەسەر هاونیشتمانییان لە رۆژئاوای کوردستان، تاوەکو ئەمڕۆ توانیومانە هاوکاری بگەیێنینە 7005 خێزان کە 46 هەزار و 421 کەس بوون."
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دوای هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و بەشێکی رۆژئاوای کوردستان، تاوەکو ئەمڕۆ 133 بارهەڵگر هاوکاری گەیاندووەتە هاونیشتمانییانی ئەو پارچەیەی کوردستان.
موسا ئەحمەد گوتی، "لە دابەشکردنی سووتەمەنی لەگەڵ پێداویستییەکانی دایکەدا بەردەوامین و پلانمان بەو جۆرەیە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە 536 هەزار لیتر نەوت لە رۆژئاوای کوردستان دابەش بکەین."
دابەشکردنی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی زۆرینەی لە سنووری قامشلۆ بووە. موسا ئەحمەد گوتی، "ئەمڕۆ لە تربەسپی و دربێسی هاوکاری دابەش دەکەین، بەوەش هاوکاریمان دەگاتە تەواوی ناوچە ئارامەکان جگە لە حەسەکە".
لەبارەی گەیاندنی هاوکاری بۆ حەسەکە، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی گوتی: "لە پلانماندایە و بێگومان هاوکاری دەگەیێنینە حەسەکە".
بەهۆی هێرشەکانی سووپای عەرەبیی سووریاوە بۆ گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لە 06ـی ئەم مانگە و دواتر فراوانبوونی هێرشەکان بۆ تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، هەزاران هاونیشتمانی ئاوارەی ناوچە ئارامەکانی رۆژئاوای کوردستان بوون.
21ـی ئەم مانگە دەزگای خێرخوازی بارزانی 67 بارهەڵگر هاوکاری گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و رۆژی دواتر دابەشکردنی دەستپێکرد و تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامە.