پەنابەرێکی کۆبانێ لە سلێمانی: هەفتەیەکە هەواڵی دایک و باوک نازانم
رووداو - سلێمانی
لە کەمپی باریکە لە سلێمانی، پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕێی هەواڵی کەسوکاریانن لە کۆبانێ. دایکێک بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە دەڵێت: "هەفتەیەکە هەواڵی دایکم نازانم و دەترسم دەرمانیان دەستنەکەوێت."
بەهۆی نەمانی هێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت لە کۆبانێ و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان، پەنابەرانی کەمپی باریکە لە بێهەواڵیدا دەژین. گولی یوسف، دایکی پێنج منداڵە و خەڵکی کۆبانێیە. دایک و باوک و خوشک و براکانی لەوێن و هەموو رۆژێک نامەیان بۆ دەنێرێت، بەڵام وەڵام نییە.
گولی بە رووداوی گوت: "رۆژی سێشەممە قسەم لەگەڵ دایکم کرد، نامەیەکی دەنگیی نارد و گوتی هەواڵێک هەیە ئینتەرنێت نامێنێت، بۆیە مەترسن. لەدوای ئەوەوە پەیوەندیمان بڕا. باوکم نەخۆشیی شەکرەی هەیە و دایکم جەڵتەی دڵ لێیداوە؛ ترس بۆیان خراپە و لەوێش دەرمان نەماوە و کەشوهەوا زۆر ساردە."
لارین محەممەد، بچووکترین ئەندامی خێزانەکەیە و تەمەنی تەنیا دوو ساڵ و نیوە. ئەو لەو تەمەنە بچووکەوە درووشمی "بژی کۆبانێ" دەڵێتەوە.
لە کەمپی باریکە نزیکەی 10 هەزار پەنابەری رۆژئاوای کوردستان نیشتەجێن. لە قوتابخانەی "عاموودا"ی نێو کەمپەکە، نزیکەی هەزار قوتابی دەخوێنن و رۆژانە چالاکی بۆ پشتیوانیی رۆژئاوای کوردستان دەکەن.
هەمووان لەو کەمپەدا خەمیان خەمی خاکێکە کە زیاتر لە 10 ساڵە جێیان هێشتووە و بەشێکی کەسوکاریان لەوێ لەژێر گەمارۆ و بێهەواڵیدا ماونەتەوە.