قایمقامیەتی سلێمانی: بەهۆی نووشتە و جادوو ئارایشتگەیەکمان داخست


رووداو دیجیتاڵ

لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی "نووشتە و جادوو"ـەوە ئارایشتگەیەکی خانمانیان داخستووە و خاوەنەکەی رووبەڕووی یاسا دەکەنەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 26-2-2023، لە راگەیێندراوێکدا لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: "لەكاتی سه‌ردانی لیژنه‌كەمان بۆ ئارایشتگە و تاتۆی (تامی بیوتی) له ‌گه‌ڕه‌كی شه‌هیدانی زه‌رگه‌تە نووشته‌ هەبووە، ئه‌مه‌ش مانای وایە لەوێ نووشته‌ و جادوو کراوە، كه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسا و رێنوێنییەکانە".
 
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی راشیگەیاندووە، به‌ فه‌رمانی قایمقامی سلێمانی ئارایشتگەکە داخراوە و خاوه‌نه‌كه‌شی رووبه‌ڕووی رێكای یاسایی ده‌كەنەوە.
 
ئەمە دووەم شوێنە لەم ساڵدا بە هەمان هۆکار دابخرێت. رۆژی 25-1-2023، رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئارایشتگەی شاهانمان لە گەڕەکی کوردسات داخستووە، چونکە لە ئارایشتگەکەدا پەردە هەبووە و بەکاریانهێناوە بۆ نووشتە و دوعاکردن".