کۆمەڵی دادگەری: کریستییانەکان ناتوانن لە سەر لیستی ئێمە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێت، ئەوان لەگەڵ لادانی کورسیی کۆتای پێکهاتەکان نەبوون. گوتیشی، بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆ، حیزبە کریستییانەکان "ناتوانن" لەسەر لیستی ئەوان بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.
محەممەد حەکیم، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی دووشەممە، 26ـی شوباتی 2024، لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتی: ''هیچ هێزێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بەو هێزەشەوە کە سکاڵاکەی تۆمارکردووە، پێشنیازی ئەوەیان نەکردووە کورسیی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان نەمێنێت.''
محەممەد حەکیم گوتی، بەر لە سکاڵاکە و بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، تەنیا سەرنج لەسەر شێوازی بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردندا هەبووە. گوتیشی: ''ئەگەر بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی تەنیا گرێ بدرێتەوە بە بابەتی پێکهاتەکان، ئەوە ستەم لە هاونیشتمانییانی کوردستان دەکرێت.''
کۆمەڵ: کریستیانەکان ناتوانن لەسەر لیستی ئێمە بەشداری هەڵبژاردن بکەن
21ـی ئەم مانگە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلاکردەوە و رایگەیاند، 11 کورسیی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان "نادەستوورییە". ئەوەش نیگەرانی پێکهاتەکانی لێکەوتەوە.
بەشێکی لایەنە سیاسییەکان بۆ هەبوونی نوێنەری پێکهاتەکان لە پەرلەماندا پێشنیازیان کردووە، لەسەر لیستی لایەنەکانی دیکە بەربژێریان هەبێت. لەوبارەیەوە گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گوتی: ''بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، کریستییانەکان ناتوانن لەسەر لیستی ئێمە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن، تەنانەت پێموانییە خۆشیان قبووڵیان بێت؛ بەڵام تورکمانەکان دەتوانن لەسەر لیستی ئێمە بەشداربن.''
یەکگرتووی ئیسلامی: دەرگەمان بۆ کریستیانەکان کراوەیە
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کە پێشتر کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بوون و لە دوایین کۆنگرەدا پاشگری ئیسلامییەکەیان لێکردەوە، بۆچوونەکەیان سەبارەت بە بەشداری کریستیانەکان لە هەڵبژاردندا لە لیستەکەی ئەوان جیایە لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.
23ـی ئەم مانگە خەلیل ئیبراهیم، سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و گوتەبێژی حیزبەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێکهاتەکان ئازادن خۆیان بڕیار بدەن کە بە لیستی خۆیان یان بەشێوەی پێکهێنانی هاوپەیمانی یان لەسەر لیستی لایەنە سیاسییەکانی دیکە بەشداری هەڵبژاردن دەبن. گوتیشی: "ئێمە کراوەین و داوای ئێمەش ئەوەیە، کە هەموو حیزبەکان بە سنگێکی فراوانەوە جێگەی پێکهاتەکان بکەنەوە.''
محەممەد حەکیم، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گوتی: ''ئێستا ئەوەی لای ئێمە گرنگە، هەڵبژاردنی پەرلەمانە، کۆمیسیۆنیش دەتوانێت بەشێوەیەک جێگەی پێکهاتەکان لە پڕۆسەکەدا بکاتەوە.''
سکاڵاکەی دادگەی فیدراڵی لەسەر داوای زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکیسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە تۆمار کرابوو.
گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گوتی، بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بە ئەرێنی دەزانن و هۆکارەکەشی بەمشێوەیە خستەڕوو، ''چونکە بەبێ دەرچوونی بڕیارەکە هەڵبژاردن نەدەکرا، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نەیدەتوانی وادەی هەڵبژاردن دیاری بکات، بۆیە ئێمە پێشوازیمان لە بڕیارەکە کردووە. ئەگەرچی رەنگە سەرنجمان لەسەر نێوەرۆکی بڕیارەکەش هەبێت.''
جگە لە نەمانی کورسی پێکهاتەکان، بەپێی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق، لیستی تاکە کەسی دەتوانێت بەشداربێت لە هەڵبژاردن؛ هەڵبژاردنەکە لە چوار بازنە کەمتر نابێت و دەنگدەریش بە کارتی بایۆمەتری دەنگ دەدات.
''هەنگاوی دیکە دژی هەرێمی کوردستان هەن''
دادگەی فیدراڵی لە 12ـەمین دانیشتنیدا، سکاڵاکەی یەکلاکردەوە، دواکەوتنەکانیش هۆکار بوون بۆ ئەوەی هەندێک لەلایەنە کوردستانییەکان هەست بە هەبوونی "دەستێکی سیاسی" لەپشت دواخرانی دانیشتنەکانی دادگەی فیدراڵی بکەن، کە رێگری لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان بکات.
وەک گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان باسیکرد، لە سەردانێکیان بۆ بەغدا هەستییان بەوە کردووە، هەنگاو و سکاڵای دیکە "دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەن"؛ گوتیشی، ''لەلایەن کەسانی بڕیاردەرەوە لە عێراق، هەنگاوێکی دیکە هەیە بۆ ئەوەی سکاڵایەک لە دادگەی فیدراڵی تۆمار بکرێت، کە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بە نایاسایی بناسرێن، بۆیە پێویستە هەڵبژادن بکرێت و دەستکەوتە سەرەکییەکەمان کە قەوارەی هەرێمی کوردستانە بپارێزرێت''.
گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان تاوتوێی یەک لیستییان کردووە، بەڵام بڕیاریان نەداوە.
"کورد لە شەڕی فەلەستیندا کەمتەرخەم بووە''
لە 7-10-2023ـەوە کە چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیان کردە سەر ئۆردوگە جوونشینەکانی ئیسرائیلی نزیک لە کەرتی غەززە، شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و گروپە چەکدارەکان لە کەرتەکە بەردەوامە. گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری لەوبارەوە گوتی، ''ئێمە دەزگەی بەخشینمان هەیە، تیممان ناردووەتەوە میسر و هاوکارییان بە خەڵکی فەلەستین و غەززە گەیاندووە.''
وەک محەممەد حەکیم دەڵێت، هاوکاریکردنی خەڵکی فەلەستین کە لەژێر گوشارێکی قورسی شەڕدان، لەلایەن کوردەوە وەکو پێویست نەکراوە. گوتیشی، ''ئێمە کەمتەرخەم بووین و دەبووایە زیاتر هاوکاریمان کردایە. لە ئێمەش کەمتەرخەمتر، حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی حکومەتن، کە هیچ قسەیەک سەبارەت بەو تاوانانە ناکەن هێزێکی داگیرکەر بەرامبەر بە گەلێک دەیکات.''
محەممەد حەکیم دەڵێت، ''دوو نەتەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ستەم لێکراون، کورد و فەلەستینییەکان؛ دەبووایە کورد زۆر لەوە زیاتر بۆ فەلەستین بە پەرۆش بێت، بەڵام بەداخەوە پەرۆشییەکەی لە ئاستی پێویستدا نییە.''