هاونیشتمانییەک لە ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژرا

رووداو دیجیتاڵ 

هاونیشتمانییەک لە ناوەندی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژرا. فەرماندەی پۆلیسی شارەکە دەڵێت، لەلایەن تیمەکانی پۆلیسەوە دەستبەجێ بکوژ دەستگیرکراوە و دانی بە تاوانەکەی ناوە.
 
بە گوتەی عەمید قودرەت حەیدەریزاد، فەرماندەی پۆلیسی ناوەندی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، 25-02-2024، هاونیشتمانییەکی تەمەن 30 ساڵی خەڵکی شارەکە، دوای دەمەقاڵێیەکی خێزانی لەلایەن زاواکەیەوە کوژراوە.
 
عەمید قودرەت حەیدەریزاد گوتی، دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیس، دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دوای لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، دەرکەوتووە کە بەهۆی کێشەیەکی خێزانی، ''تاوان''ـەکە کراوە و دواتر بکوژ هەڵاتووە.
 
فەرماندەی پۆلیسی شاری ئیلام ئاماژەی بەوە کرد، دەستبەجێ توانرا بکوژ بدۆزرێتەوە و دەستگیر بکرێت، ''دوای لێپرسینەوەیەکی سەرەتایی، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە."
 
وەک فەرماندەی پۆلیسی ناوەندی پارێزگای ئیلام دەڵێت، "لە دانپێدانانەکەدا گوتوویەتی کە بە چەقۆ هێرشی کردووەتەوە سەر کەسی کوژراو و هۆکارەکەشی بۆ کێشەی خێزانی گەڕاندەوە."
 
عەمید قودرەت حەیدەریزاد گوتیشی، تۆمەتبار رادەستی دەسەڵاتی دادوەریی ئیلام کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.