لە چەمچەماڵ؛ گەنجێک بە تۆمەتی دزینی زیاتر لە 113 ملیۆن دینار دەستگیرکرا

رووداو دیجیتاڵ

لە قەزای چەمچەماڵ گەنجێک بە تۆمەتی دزینی قاسەیەک دەستگیرکرا کە زیاتر لە 113 ملیۆن دیناری تێدابووە. پۆلیس دەڵێت، تۆمەتبارەکە تەمەنی 22 ساڵە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
 
رۆژی 25-02-2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە نووسینگەی چەمچەماڵی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سکاڵای تۆمارکرد کە دزی لێکراوە و قاسەکەی براوە، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکرد.
 
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، لەنێو قاسە دزراوەکەدا بڕی 113 ملیۆن دیناری عێراقی و 300 دۆلاری ئەمریکی هەبووە.
 
سەبارەت بە چۆنێتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە، پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، تیمەکانی لێکۆڵینەوە بە سوودوەرگرتن لە کامێراکانی چاودێری و سەرچاوە تایبەتەکانیان، توانییان لە ماوەیەکی کورتدا شوێنی تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن.
 
تۆمەتبارەکە ناوی (ع، ع، ع)ـە و لەدایکبووی ساڵی 2004ـە. پۆلیس دەڵێت: "تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بەپێی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە."