فەهمی بورهان: بڕیاری بەقەزاکردنی گوڵاڵە درێژکراوەی سیاسەتی بەعەرەبکردنە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەقەزاکردنی گوڵاڵە بە پێچەوانەی دەستوور دەزانێت و دەڵێت، هەموو هەوڵێک بۆ راگرتنی بڕیارەکە دەدەن. 
 
رۆژی پێنجشەممە 26-02-2026، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی خانەقین کۆبووەوە.
 
دوای کۆبوونەوەکە، فەهمی بورهان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ''گفتوگۆیەکی جدیمان لەسەر دۆخی ئێستای خانەقین و بڕیاری نایاسایی بەقەزاكردنی گوڵاڵە هەبوو.''
 
سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، بڕیاری بەقەزاکردنی گوڵاڵە، ''درێژکراوەی هەمان سیاسەتە کە چەمچەماڵ، کفری، کەلار، سەڵاحەدین و مەخمووری لە سەرەتای 1970ـوە لە پاڕیزگاکانی خۆیان جیا کردەوە.''
 
بڕیاری بە قەزاکردنی ناحیەی گوڵاڵە، رۆژی پێنجشەممە 19ی شوباتی 2026 لەلایەن عومەر کروی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە راگەیێندرا. فەهمی بورهان بڕیارەکە بە ''نادەستووری و پێچەوانەی بنەمای یەکەمی مادەی 140'' دەزانێت.
 
سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی  ئەو بڕیارە "نادەستوورییە" لە خانەقین و گوڵاڵە رابگرن، ''لە کۆبوونەوەکەدا بە لایەنە کوردستانییەکانمان راگەیاند، دڵنیا بن خانەقینییەکان تەنیا نین، بەڵکو هەموو خەڵکی کوردستان هاوکاریانن.''
 
بەگوتەی فەهمی بورهان، سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانی خانەقین لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا یەک گوتاریان هەبوو و ''قسەی زۆرباش کرا و بڕیارمان دا بە نووسراوێکی هاوبەشەوە لە کۆبوونەوەکە بێینە دەرەوە.''
 
وەک سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان گوتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە دۆخی گوڵاڵە و خانەقین دەدات و ''سەبارەت بە هەنگاوە نادەستوورییەکە نیگەرانییەکی زۆری هەیە.''
 
هاوکات شێرکۆ میروەیس، بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند، وەک پرسێکی نیشتمانی مامەڵە لەگەڵ بڕیاری بەقەزاكردنی گوڵاڵە دەکەن، ''هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان ئەمڕۆ لێرەن. مەبەستمان بوو لە هەولێرەوە پەیامێک بدەینە بەغدا کە ئەم جۆرە پرسانە، کێشەی تەواوی خەڵکی کوردستانن.''
 
شێرکۆ میروەیس پێیوایە، پلان بۆ بەعەرەبکردنی خانەقین دانراوە و مەترسییەکی زۆر لەسەر بوونی کورد لە سنوورەکە هەیە، ''بۆیە بۆ تەواوی ئەو پرسانە رێکاری یاساییمان گرتووەتەبەر و سکاڵامان تۆمار کردووە.''
 
هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی 15ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین گوتی: ''وەک لایەنە سیاسییەکانی سنووری پارێزگای دیالە و خانەقین ئەم دیدارەمان ساز کرد، بۆ ئەوەی دەنگی خانەقین لە رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بگەیێنینە حکومەتی فیدراڵی.'' 
 
ماددەی 140 وەک درێژکراوەی مادەی 58ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دانراوە. جێبەجێکردنەکەی کە بە 3 قۆناخ دیاری کراوە و دەبوو تا کۆتایی 2007 تەواو بکرایە، بەڵام دوای 18 ساڵ لە تێپەڕبوون بەسەر دوایین وادەی دەستووری تاکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
 
بەپێ مادەی 140، هەر گۆڕانکارییەکی ئیداری و جوگرافی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان بەر لە ئاساییبوونەوەی دۆخی ئەو ناوچانە، پێچەوانەی دەستوورە. ئەکبەر حەیدەر جەختی لەوە کردەوە، ناکرێ مادەی 140 کە مادەیەکی دەستوورییە، بە ئاشکرا پێشێل بکرێت و ئێمەش بێدەنگی بگرینەبەر.''
 
بەرپرسی لقی 15ـی پارتی داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، حکومەت و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکات کە لە بەرامبەر بڕیاری بەقەزاکردنی گوڵاڵە یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بوەستنەوە و بابەتەکە لەگەڵ بەغدا یەکلایی بکەنەوە.
 
لە 31ـی کانوونی دووەمی 2024 ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەنگی دا بۆ بەقەزاکردنی ناحیەی گوڵاڵە و لایەنە کوردستانییەکان دژی وەستانەوە.