پەروەردەی کەلار: هیچ مامۆستایەک بۆی نییە وانەی تایبەت بە پارە بە قوتابیانی قوتابخانەکەی بڵێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

پەروەردەی کەلار لە نووسراوێکدا رایگەیاند، مامۆستایانی دامەزراو بۆیان نییە وانەی تایبەت بەو قوتابیانە بڵێنەوە، کە تێیدا دامەزراون. بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، بڕیارەکە گشتگیرە و بۆ هەموو هەرێمی کوردستانە.
 
نووسراوەکەی پەروەردەی کەلار لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی، 24ـی ئەم مانگە دەرچووە و تێیدا هاتووە: "گوتنەوەی وانەی تایبەت لەلایەن مامۆستایانی دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکانەوە، لە دەرەوەی دامەزراوەکە و لە بەرامبەر بڕە پارەیەک یان هەر بەرامبەرێکی دیکە بە قوتابیان و خوێندکارانی هەمان ناوەندی خوێندن کە خۆی تێیدا مامۆستایە قەدەخەیە".
 
نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، رۆژی پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیارەکە پێشتر دەرکراوە و بۆ هەموو هەرێمی کوردستانە نەوەکو تەنیا پەروەردەی ناوچەیەک.
 
پەروەردەی کەلار ئاماژەی بەوە کردووە، هەر مامۆستایەک سەرپێچی بکات سەرەتا ئاگادار دەکرێتەوە، ئەگەر دووبارەی بکاتەوە، ئەوکات "بەپێی یاسا کارپێکراوەکان، یەکێک لە سزا کارگێڕییەکانی بەسەردا دەسەپێنرێت".
 
لە خاڵیکی دیکەی نووسراوەکەی پەروەردەی کەلاردا هاتووە: "بەکارهێنانی ناوی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی حکومی بۆ کاری بازرگانی لەلایەن دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی یان کەسانی دیکەوە، قەدەخەیە و رێگەپێدراو نییە".