لە حەسەکە پێشبینیی زیادبوونی بەرهەمی گەنم دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، رووبەری زەوییە چێندراوەکان بە گەنم و جۆ 750 هەزار هێکتاری تێپەڕاند. بارانبارینی لەسەریەکیش هیوای لای جووتیاران دروستکردووە کە ئەم ساڵ بەرهەمیان زیاد بکات.
 
عیزەدین حەسۆ، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی حەسەکە بە میدیاکانی راگەیاند، بارانبارینی بەردەوام و کەشوهەوای گونجاو کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر گەشەی بەروبوومی گەنم و جۆ هەبووە لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکەدا.
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، دابەشبوونی رووبەری زەوییە چێنراوەکان بەم شێوەیەیە:
 
• گەنم: 100 هەزار و 200 هێکتار بە شێوەی بەراو، 363 هەزار و 300 هێکتاریش بە شێوەی دێم چێنراوە.
• جۆ: 12 هەزار هێکتار بە شێوەی بەراو، 268 هەزار هێکتاریش بە شێوەی دێم چێنراوە.
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی حەسەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر لە مانگەکانی ئادار و نیسان دا بارانبارین بەم شێوەیە بەردەوام بێت، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەم ساڵ زیاتر بێت لە پار. 
 
حەسۆ گوتی، "تیمەکانمان بەردەوام چاودێریی کێڵگەکان دەکەن بۆ ئەوەی رێگری لە هەر جۆرە مێروو و ئافاتێکی کشتوکاڵی بکەن کە زیان بە بەرهەمەکە بگەیێنێت."
 
د. ئەمجەد بەدر، وەزیری کشتوکاڵی سووریا پێشتر رایگەیاندبوو، وەزارەتەکەیان ستراتیژییەتێکی نوێی بۆ ساڵانی 2026 تاوەکو 2030 ئامادە کردووە کە پشت بە "پاڵپشتیی زیرەک" دەبەستێت، بەتایبەت لە بواری گۆڕینی سیستەمی ئاودێری بۆ شێوازە مۆدێرنەکان.
 
ئەم گەشبینییەی ئەم ساڵ لەکاتێکدایە کە پار کەرتی کشتوکاڵ لە سووریا و رۆژئاوای بەدەست وشکەساڵییەوە دەیناڵاند، بەجۆرێک کە بەرهەمی گەنم لە سووریا بۆ 900 هەزار تۆن کەمبووەوە، لەکاتێکدا لە ساڵانی پێشتردا بڕی بەرهەم دەگەیشتە 4.8 ملیۆن تۆن.
 
پار بەرهەمی گەنمی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی خۆسەر 282 هەزار تۆن بووە، کە حەسەکە گەورەترین بەرهەمهێنەر بووە.