15 کۆنسوڵ و نوێنەری وڵاتان سەردانی مەزارگەی مەلا مستەفا بارزانی دەکەن
رووداو
15 کۆنسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان سەردانی مەزارگەی مەلا مستەفا بارزانییان کرد لە بارزان و تاجەگوڵینەیان لەسەری مەزارگەی مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی دانا.
وشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زۆربەی ئەو کۆنسوڵانە لەبارەی مێژووی کوردەوە خوێندوویانەتەوە و دەزانن خەبات و شۆڕشەکانی بارزان چۆنن و حەزیان دەکرد لە نزیکەوە بیبینن".
کونسڵخانەکانی بەریتانیا، رووسیا و فەرەنسا لەو وڵاتانەن کە سەردانی مەزارگەکەیان کرد، ژمارەیەک لە کونسوڵەکان و هاوژین و کارمەندانیان جلوبەرگی کوردیان پۆشی.
دەیڤد هەنت، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر دەڵێت، "سوپاسگوزارم بۆ گوێگرتن لە هەژموونی ئەم شوێنە کە ئەیبەخشێتە خەڵکی کوردستان، لێرە پەرتووکخانەیەک هەیە خەڵک دەتوانن لەبارەی مێژووەوە فێرببن. خوشحاڵبووم کە لە نزیکەوە ئێرەم بینی".
ئۆلیگ لێڤین، کۆنسوڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر دەڵێت، "ئەم شوێنە شوێنێکی پیرۆزە، شوێنێکی پیرۆزە بۆ کوردەکان، بۆ رێبازی بارزانی، بۆ رووسەکانیش بە هەمان شێوە، چونکە لە ماوەی 11 ساڵ دوای کۆتایی کۆماری مهاباد وەزیری بەرگریی مستەفا بارزانی و جەنگاوەرەکانی و شوێنکەوتووەکانی لەگەڵ ئێمە لە یەکێتیی سۆڤیەت مانەوە."
میکێل کامیرۆتا، کۆنسوڵی گشتیی ئیتاڵیا دەڵێت، "خۆشحاڵم کە هاتووم بۆ ئەم شوێنە ئەمە سەردانێکی سەرنجڕاکێشە و چووە دڵمەوە، چونکە وەکو ئەوە وایە مێژوو بە چاوی خۆت ببینی".
لە ماوەی ئەم مانگەدا نزیکەی 300 هەزار کەس لە هەرچوار بەشی کوردستان و خەڵکی بیانی سەردانی مەزارگەی بارزانییان کردووە.