دەستپاکیى عێراق لەسەر گۆڕینى ستوونێکى کارەبا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 5 کرێکارى کەرکووک دەردەکات
رووداو دیجیتاڵ
بە تۆمەتى گۆڕینى ستوونێکی کارەبا، پێنج فەرمانبەرى کارەباى کەرکووک فەرمانى دەستگیرکردنیان بۆ دەردەکرێت. بە گوتەى بەرپرسێکى ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، ئەو کەسانە پێشتر دەستگیر کراون و دواتر ئازاد کراون و یەک ستوونیان گۆڕیبوو کە نرخەکەی "یەک ملیۆن دینارە."
26ى ئادارى 2024 دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکیدا ئاماژەى بەوە دا، فەرمانى دەستگیر کردن بۆ پێنج فەرمانبەرى بەڕێوەبەرایەتیى دابەشکردنى کارەباى کەرکووک دەرکراوە.
بەگوێرەى دەستەى دەستپاکى، ئەو پێنج فەرمانبەرە بورجى کارەبایان گۆڕیوە بە ستوونى پەیژەدار و ئەوەش پێچەوانەی رێنوێنییەکانە.
دانیاڵ هەمەوەندى، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتیى کارەباى کەرکووک رۆژی سێشەممە 26-03-2024 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دۆسیەکە کۆنە و بەر لە مانگ و نیوێک ئەو پێنج کەسە دەستگیر کراون و دواتر بە کەفالەت ئازاد کراون.
دانیاڵ هەمەوەندى گوتی، "ئەو کرێکارانە یەک ستوونیان گۆڕیبوو و پارچەکانیان گەڕاندبووەوە بۆ گەنجینە و بە هەمووى بایی یەک ملیۆن دینار نەبوو." ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕێى بڕیارى دادگە دەکەن لەوبارەیەوە.
فەرمانى دەستگیرکردنى ئەو پێنج کرێکارە بەگوێرەى مادەى 340ى یاساى سزادانى عێراق بووە.
ئەو مادەیە تایبەتە بە تاوانى زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیى ئەو شوێنەى فەرمانبەرێک کارى تێدا دەکات و دەکرێت سزاکە بگاتە حەوت ساڵ زیندانیکردن.