لە بەریتانیا گەڕایەوە و بەخۆیەوە شەش ئەندامی خێزانەکەی کوشت

رووداو دیجیتاڵ
 
ئامبوڵانسەکان، هەواڵی ماتەم و خەمیان بۆ گوندی گرێزە لە قەزای سەیدسادقی سنووری سلێمانی پێیە، تەرمی شەش ئەندامی یەک خێزانیان گەیاندە گۆڕستان، گەورە و بچووک بۆ ئەنجامی رووداوێک دەگرین کە خێزانێکی تێدا کۆمەڵکوژ کراوە.
 
لەنێو قەرەباڵخیی گۆڕستان لەسەر تەرمی شەش کوژراوەکە سەرکۆ هاواری دایکی دەکات و دەڵێت کوا دایکم؟
 
دایک، باوک، دوو خوشک و یەک برای سەرکۆ کوژران بەدەستی برایەکی دیکەی کە بە دوو گولـلە چارەنووسی خۆی بردە ژێرگڵ و خێزانە نۆ کەسییەکەیانی بۆ سێ کەس کەمکردەوە.
 
د. عوسمان گرێزەیی، کەسوکاری کوژراوەکانە و دەڵێت، ئەو کوڕەیان کە لە ئەورووپا هاتووەتەوە ئیشەکەی کردووە و گولـلەیەکیشی بەخۆیەوە و نا و بەخۆیەوە شەش کەسی کوشتووە لە خێزانەکەی.
 
ئەوانەی بۆ بە خاک سپاردن هاتبوونە گۆڕستان، شۆک بوون و نەیاندەزانی هۆکاری کوژرانی ئەو خێزانە چییە بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە هێزە ئەمنییەکانی وەرگرتووە کێشەکە پەیوەندی بە موڵک و ماڵەوە نەبووە و کەسوکارەکەی دەڵێن دەمەقاڵەی نێوان باوک و کوڕ، سالار محەممەد و بەشیر سالار بووە لە سەر 'ریشی درێژ'ی بەشیر.
 
سەردار گرێزەیی، کەسوکارێکی دیکەی کوژراوەکانە و دەڵێت، "ئەم کوڕە گۆڕدرا بوو، سامت و بێدەنگ بوو، فکرە و قسەی گۆڕدرابوو، ریشیشی زۆر درێژ بوو".
 
هەروەها، محەممەد گرێزەیی، کە خزمیانە بە رووداوی گوت، "کەسوکاری کوژراوەکان، هەموویان کەسی چاک بوون، منداڵەکان کچێکیان لە زانکۆ بوو، ئەوی دیکەیان لە سەرەتایی دەیخوێند".
 
سالار مەحموودی 55 ساڵ لەگەڵ نیهایەت قادری 40 ساڵانی هاوژینی، یارا و سەهەند و سیمای 7، 10 و 20 ساڵان بە دەستی بەشیری تەمەن 27 ساڵان کوریان کوژران.
 
بەشیر لە شاری مانچێستەری بەریتانیا ژیاوە و چوار رۆژ بووە بۆ سەردان گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان.