کوردانی ئەمریکا لە نێو کۆنگرێس رێز لە سیناتۆر لیندزی گراهام دەگرن


رووداو دیجیتاڵ

وەک رێزێک بۆ پشتیوانییەکانی لە گەلی کورد، ژمارەیەک کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان لە واشنتن و لە نێو یانەی کۆنگرێسی ئەمریکا، رێوڕەسمێکی پێشوازیی تایبەتیان بۆ سێناتۆر لیندزی گراهام رێکخست.
 
لە رێوڕەسمەکەدا، سێناتۆر لیندزی گراهام گوتارێکی پێشکێشکرد و پشتیوانیی خۆی بۆ کورد و یاسای پاراستنی کورد دووپاتکردەوە. ئەو گرووپە کوردەش کە لە رەنگ و دەنگی بەشە جیاوازەکانی کوردستان پێکهاتبوون، بەنیازن جگە لە سیناتۆر گرام، چالاکیی هاوشێوە بۆ سێناتۆر و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکاش ئەنجام بدەن.
 
ئالان بوبلانی، سەرۆکی ئەدڤۆکەسیی ئەمریکی – کوردی لەو بارەیەوە گوتی: ''ئەمڕۆ ئێمە وەک رێکخستنی کورد لە ئەمریکا و لە واشنتن، میوانداری سێناتۆر لیندزی گراممان کردبوو، سوپاسمان کرد، کە هات و بەشداری لەم رێورەسمەدا کرد، سێناتۆر گراام کاری زۆری کردووەو پشتیوانی لە کورد کردووە لە واشنتن، لە نێو حکومەت و لە نێو کۆنگرێسیش، بۆیە وەک کورد پێشوازیمان لێکرد و دیاریمان پێدا، لەم کارە بەردەوام دەبین و لەگەڵ سێناتۆرەکانی دیکەش ئەمە دەکەین، چونکە ئەگەر کارێک لە ئێمە وەک کوردی واشنتن چاوەڕێی دەکرێت، ئەوەیە کە دەبێت لۆبیکردن بکەین، تاوەکو گەلی خۆمان بپارێزین لەهەرچوار بەشی کوردستان، باکوور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاڤا.''
 
لە رێوڕەسمەکەدا ژمارەیەک دیاری وەک رێزێک بەخشرانە سیناتۆر لیندزی گراهام، کە زۆربەیان رەنگدانەوەی کولتووری کوردی بوون. هاوکات ئامادەبووان، جگە لە سوپاسکردنی پشتیوانییەکانی، داوایان کرد پشتیوانییەکانی بۆ گەلی کورد، بەتایبەتیش بۆ رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر بێت. کوردانی ئەمریکاش بە هەموو رەنگەکانەوە دەبنە بەشێک لەو هەوڵانەی کە لە واشنتن دەدرێن بۆ پاراستنی کورد وەک باشترین و دڵسۆزترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
 
خەیاڵ قەرتێل، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە نیویۆرک، لەبارەی دیارییەکانەوە رایگەیاند: "ئەمشەو سێناتۆر گراممان بینی، تاوەکو قسە لەسەر ئەوەبکەین کە کورد بەراستی کێن، بیرخستنەوەی کولتووری ئێمەش، کڕۆکی کارەکەی منە، بۆیەش ملپێچێکی رۆژهەڵاتیم بە سێناتۆر گرام دا کە لە باشووری کوردستان کڕیبووم. ئەمە نیشانی ئەوەیە کە کورد یەکگرتوون، ناتوانن لێکیان جیابکەیەوە چونکە سنوور لە نێوانیاندا هەیە، دیارییەکەی دیکە تەسبێحێک بوو، کە زۆربەی پیاوانی کورد رۆژانە بەکاری دەهێنن، چ بۆ نزاکردن بێت یان وەک هیوایەتێک. ویستم شتێکی پێشکەش بکەم کە لە رووی کولتووری گرنگ بێت، هەروەها رۆژانەش بەکاربهێندرێت و بزانێت کە کورد کێن.''
 
سێناتۆر لیندزی گراهام لە گوتارەکەیدا بە وردی ئاماژەی بە پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ کورد و دۆخی رۆژئاوای کوردستان، رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد. 
 
گوتیشی ئەمریکا لە پشتی کورد دەبێت و ئازادبوونی کورد و ئێرانییەکانیش نزیکە، و جەختی کردەوە: ''ئێمە بەو هیوایەن ئەم رژێمە لاوازبکەین و رۆژێک بێت ئازادی ئێوەش بەدەستبێت.''
 
سەبارەت بە یاسای پاراستنی کوردیش، سیناتۆر گرام ئاماژەی بەوە دا کە ئەو سوورە لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە؛ لە یەکەم هەنگاویدا ویستی پەیامێکی تووند بدات بە حکومەتی سووریا و هەموو ئەو وڵاتانەی پشتیوانی لە حکومەتی سووریا دەکەن، لە هەنگاوەکانی داهاتووشیدا دڵنیا دەبێتەوە کە لە کاتێکی گونجاودا ئەو یاسایە کاری لەسەر دەکرێت و دەخرێتە دەنگدان، هاوکات بە زۆرینەی دەنگی کۆنگرێس پەسەند دەکرێت.