کەرکووک؛ گەنجێک بە ماتۆڕەکەیەوە کەوتە نێو لافاو و بێسەروشوێنە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارینی بارانێکی زۆر و دروستبوونی لافاو لە پارێزگای کەرکووک، گەنجێک لە کاتی پەڕینەوە بە ماتۆڕەکەی، ئاو بردوویەتی و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە. پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، تیمەکانیان لە گەڕان بەردەوامن.
عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، رۆژی پێنجشەممە، 26ـی ئاداری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هاونیشتمانیانی ناحیەی لەیلان ئاگاداریان کردینەوە کە گەنجێکیان بینیوە ویستوویەتی بە ماتۆڕەکەی بە نێو ئاوەکەدا تێپەڕێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئاوەکە بەخوڕ بووە و لافاو دروستبووە، بردوویەتی."
بە گوتەی عامر شوانی، تیمەکانیان نێردراونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاسەوارێکی گەنجەکە دیار نییە و لێکۆڵینەوە و گەڕان بەردەوامە.
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک، لەبارەی ناسنامەی ئەو گەنجەوە رایگەیاند: "ئەو گەنجە ناوی محەممەد عوسمانە و لەدایکبووی ساڵی 2001ـە. دانیشتووی گەڕەکی شۆریجەیە و بەیانیی ئەمڕۆ بە ماتۆڕەکەیەوە کەوتووەتە نێو لافاوەکەوە."
رۆژی 24ی ئاداری 2026، نووسینگەی پارێزگاری کەرکووک بەهۆی مەترسیی بارانی بەخوڕ و لافاو، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن کردە پشوو.