وەزارەتی کارەبا: بەهۆی گرفتێکی تەکنیکی هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەهۆی گرفتێکی تەکنیکی، هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەتەوە و هەوڵی چارەسەرکردنی دەکەن.
 
وەزارەتی کارەبا دەڵێت، "ئاگاداری هاوبەشانی کارەبا دەکەینەوە ئەم حاڵەتە کاتییە و هەموو لایەنە پەیوەندارەکان لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە و دووبارە دەستپێکردنەوەی گواستنەوەی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا".
 
بەهۆی باری کەشوهەوا و لەوەتەی جەنگی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، دۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان تێکچووە. 
 
شەوی رابردوو وەزارەتی کارەبا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "بەهۆی گرفتێکی تەکنیکی، هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەم بووەوە." دوای چەند کاژێرێکیش ئاساییبوونەوەی دۆخەکەی راگەیاند. 
 
بۆ دابینکردنی کارەبا، جگە لە بەنداوی دووکان و دەربەندیخان، وەزارەتی کارەبا پشت بە ئەو گازە دەبەستێت کە لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ وێستگەکان دابین دەکرێت.