ئەمریکا سەرەخۆشی لە هەرێمی کوردستان دەکات و پشتیوانی دووپات دەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی هەرێمی کوردستان و کەسوکاری ئەو پێشمەرگانە کرد لە هێرشەکەی ئێراندا شەهیدبوون. "سەرکۆنەی تووندی" هێرشەکانیشی کردووە.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پرسە و سەرەخۆشیی لێکردین و هاوخەمی خۆی بۆ شەهیدانی پێشمەرگە دەربڕی و پشتیوانی ئەمریکاشی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە."
 
هەروەها رایگەیاند: لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و ئاڵنگارییە ئابورییەکانمان تاوتوێ کرد.
 
لە 24ـی ئەم مانگە ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەهۆیەوە شەش پێشمەرگە شەهیدبوون و 30 پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرسەی پێشمەرگەکان رایگەیاند: ئێران دانی بەوەدا ناوە هەڵەیەک کراوە و لێکۆڵینەوە دەکەن. ئەوانیش وەکو هەرێمی کوردستان ئێستا چاوەڕوانی وەڵامی ئێرانن. 
 
لەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "وەزیر روبیۆ، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە بەردەوامەکانی ئێران و میلیشیا تیرۆریستییە عێراقییەکانی سەر بە ئێرانی بۆ سەر هاووڵاتییانی ئەمریکا و ژێرخانی وزە لە سەرانسەری عێراق کرد."
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، وەکو لە راگەیێندراوەکەی خۆیاندا هاتووە، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە بەرامبەر رێگەدان بە گەیشتنی نەوتی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆ بازاڕەکانی جیهان.
 
دوای رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، رۆژی 18ی ئەم مانگە یەکەمین بڕی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی بەندەری جەیهانی تورکیا کرا.