بەڕێوەبەری گشتیی ئاو: 90%ـی هاوبەشان پێوەریان بەستووە و داشکاندنی قەرز کۆتایی دێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرەتای مانگی داهاتوو ئەو داشکانە تایبەتەی بۆ قەرزی ئاو کرابوو کۆتایی دێت و تەنیا داشکاندنی 20%ـی بەردەوام دەبێت. باسی لەوەشکرد: "90%ـی هاوبەشانی ئاو پێوەریان بەستووە."
رۆژی پێنجشەممە 26ـی ئاداری 2026، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داشکانی تایبەت بە بەستنی پێوەری ئاو سەرەتای مانگی داهاتوو تەواو دەبێت.
لە هەرێمی کوردستاندا دوو جۆر کرێی ئاو هەیە؛ ئەو هاوبەشانەی پێوەریان بەستووە مانگانە بڕی 0 تاوەکو 45 هەزار دیناریان بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوانەی پێوەریان نەبەستووە راستەوخۆ بڕی 45 هەزار دیناریان هەژمار دەکرێت.
لەبارەی ئەو کار ئاسانییانەی لە چوار مانگی رابردوودا بۆ هاونیشتمانیان کرابوو، ئاری ئەحمەد گوتی، نزیکەی چوار مانگە داشکاندن بۆ ئەو هاوبەشانە کراوە کە پارەیەکی زۆریان لەسەر کۆبووەتەوە، بەجۆرێک "ئەوانەی 95 هەزار دینار قەرزاری کرێی ئاو بوون، تەنیا 20 هەزار دیناریان لێ وەردەگیرا، جیا لەوەش داشکانی 20%ـیشیان بۆ دەکرا."
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ گوتی: "چەند رۆژێکی دیکە ئەو داشکاندنە تایبەتە تەواو دەبێت و تەنیا داشکاندنی 20% دەمێنێتەوە، ئەویش تاوەکو ئەو کاتەی باری دارایی هاونیشتمانیان باش دەبێت بەردەوام دەبێت."
ئاری ئەحمەد ئاماری هاوبەشانی ئاو و پابەندییان بە بەستنی پێوەر ئاشکرا کرد و گوتی، یەک ملیۆن و دوو هەزار هاوبەشی ئاو لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و ئامارەکانیش دڵخۆشکەرن، چونکە 90%ـی هاوبەشان پێوەری ئاویان بەستووە و خەڵکێکی زۆر پابەند بووە."