هاونیشتمانییەک لە هەولێر: چەکەکەم رادەستی هێزە ئەمنییەکان دەکەم و با خەڵک چاو لە من بکەن


رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی خەڵکی هەولێر لە رۆژانی ئاساییدا زۆربەی کاتەکانی لەسەر کارەکەی لە گۆڕستان بەسەردەبات و خەریکی پیشەکەیەتی کە گۆڕهەڵکەندنە، چەند رۆژێکیشە بابەتێک مێشکی سەرقاڵ کردووە و دەیەوێت لەو رێگەیەوە بەگوتەی خۆی "سوود بە نیشتمان بگەیێنێت".
 
ئەنەس رەسوول ناسراو بە شێخ ئەنەس قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، چەکێکی کڵاشینکۆفی هەیە و، چەند ساڵێک لەمەوبەر بەهۆی مەترسیی شەڕی داعش کڕیویەتی، تاوەکو بتوانێت بەرگری لە ماڵ و منداڵەکانی بکات، بەڵام دەڵێ "ئێستا پێویستم پێی نەماوە و متمانەم هەیە کە هێزە ئەمنییەکان دەمانپارێزن. داواکارم خەڵکیش چاو لەمن بکەن".
 
گوتەکانی ئەو هاونیشتمانییەی دانیشتووی هەولێر لەکاتێکدان، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوێنێ (سێشەممە، 25-4-2023) راگەیێندراوێکی پێنج خاڵیی لەبارەی یاسا و رێنماییەکانی بواری چەکی ئاراستەی حیزب و لایەنە سیاسییەکان کرد، کە لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە "داوادەکەین حیزب و هێزە سیاسییەکان بەشداری بکەن لە هەڵمەتەکانی هۆشیاریی هاووڵاتییان و ئەندامانتان، بۆ ئەوەی لە باری زۆر پێویستدا نەبێت، چەک لە ماڵەکانیان نەبێت و چەکی بێمۆڵەت هەڵنەگرن". 
 
شێخ ئەنەس، یەکێکە لەوانەی چەکەکەی بێ مۆڵەتە. بەگوتەی خۆی بە بڕی 600 دۆلار لە مەیدانی چەکفرۆشان لە هەولێر کڕیویەتی، بەنیازیشە لە چەند رۆژی داهاتوودا بیبات و خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکانی بکات، چونکە وەک دەڵێ "ئێستا پێویستم بەو چەکە نییە، چونکە لەخوا بەزیاد بێت، ئەمن و ئاسایشی شارەکەم هەولێر ئێستا زۆر لەبارە و هەرکاتێک حاڵەت و کارەساتێکیش هاتەپێشەوە، دەتوانم بەڕێی یاسا و دادگا هەقم وەربگرم".
 
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان شەوی رابردوو لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات گوتی " 21-07-2023، دوا وادەی رادەستکردنی چەکی بێ مۆڵەتە لە دوای ئەو رێککەوتەوە، هەر کەسێک چەکی پێ بگیرێت، ساڵێک بۆ سێ ساڵ زیندانی دەکرێت و، لە رووی دارایشەوە سزادەدرێت و وەک تاوانکار مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت".