کوردێکی کەرکووک بەشداریی 5 سەرژمێریی شارەکەی کردووە: ئێستا سەرژمێری بکرێت کورد سەرناکەوێت
رووداو - کەرکووک
حاجی ئەحمەد 50 ساڵە وەستای کاتژمێرە، لەنێو بازاڕی رەحیم ئاوای کەرکووک دووکانێکی بچووکی هەیە و بەشداریی پێنج پرۆسەی سەرژمێریی لە شارەکە کردووە؛ باس لەوە دەکات، لە سەرژمێریی ساڵی 1957 زۆرینە کورد بوون و کەمێک عەرەبی حەدیدی هەبوون، بەڵام ئێستا تەعریب دیمۆگرافیای کەرکووکی گۆڕیوە و سەرژمێریکردن لە بەرژەوەندیی کورد نابینێت.
ئەحمەد سابر، دانیشتووی گەڕەکی رەحیم ئاوای کەرکووک دەڵێت، "ئێستا ئەگەر سەرژمێری بکرێت، کورد تێیدا سەرکەوتوو نابێت، لەبەر ئەوەی پارێزگار عەرەبی باشوور و نێوەڕاستی هێناوە و لە گەڕەکەکانی باشووری کەرکووک خانووی پێداون، هەموو پێداویستییەکی بۆ دابین کردوون و پسوولەی خۆراکیانی گواستووەتەوە سەر کەرکووک."
وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڕیاری داوە، لە ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ سەرژمێریی گشتی لە عێراق ئەنجام بدات، پرۆسەیەک کە بۆچوونی جیاواز و مەترسی لەلای لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک دروستکردووە.
شێرزاد سەمەد، بەرپرسی هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکووک دەڵێت، "ئەگەر سەرژمێری ئەنجام بدرێت، دەبێت بڕگە و بابەتەکانی مادەی 140 مەرجی سەرەکی بن بۆ تۆمارکردنی ناوی هەر کەسێک کە لەسەر هەژماری پارێزگای کەرکووک تۆمار دەکرێت."
قەحتان مەندەلاوی، بەرپرسی بەرەی تورکمانی لە کەرکووک دەڵێت، "ئێمە وەکو تورکمان لەگەڵ ئەنجامدانی سەرژمێریداین، بەڵام بە مەرجێک هیچ بڕگەیەکی پەیوەست بە پێکهاتە و مەزهەبی تێدا نەبێت."
حاتم تائی، گوتەبێژی گردبوونی عەرەبی دەڵێت، "ئێمە لەڕووی هونەرییەوە لەگەڵ ئەنجامدانی سەرژمێریداین، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە پێموایە کێشەی زۆرمان بۆ دروست دەکات."
پێچەوانەی لایەنە سیاسییەکان، پێکهاتەکانی کەرکووک لەسەر ئەنجامدانی سەرژمێری لە پارێزگاکە بۆچوونیان لێک نزیکە.
مەجید بەکر، کاسبکار دەڵێت، "لەگەڵ ئەوەدام سەرژمێری لە عێراق و کەرکووک بکرێت، چونکە زۆر گرنگ و پێویستە." فازڵ موحی، نانەوا دەڵێت، "ئەنجامدانی سەرژمێری لە کەرکووک یەکێکە لە مافەکانی دانیشتووانی پارێزگاکە."
زەکی نیازی دارتاشە و ئاماژە بەوە دەکات، "وردبینی بکرێت و وەکو رابردوو مافی کەس نەخورێت، ئەگەر بە دروستی بکرێت لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکە."
27 ساڵە سەرژمێریی فەرمی لە عێراق ئەنجام نەدراوە، بۆیە داتا و زانیاریی دروست لەسەر ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکانی عێراق بەردەست نییە.