قوباد تاڵەبانی سەرکۆنەی هێرشەکەی کۆرمۆر و داوایەک لە حکومەتی عێراق دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکات و داوا لە حکومەتی عێراق و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، لێکۆڵینەوەی ورد بکەن و رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە بگرن.
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بە تووندی ئەو هێرشە درۆنییەی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر ئیدانە دەکەم. خەمبار بووم بە گیانلەدەستدان و برینداربوونی چەند کارمەندێک لەئاکامی هێرشەکەدا."
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، "دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی ورد دەستپێبکەن و رێکاری جیددی بگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە، کە تیایدا هاووڵاتییانی مەدەنی دەبنە قوربانی و خەڵکی کوردستان بەگشتی زیانمەندی سەرەکی دەبن."
 
ئەوەی لەبارەی رووداوەکەوە تائێستا زانراوە
 
ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر نزیکی 07:00 هێرشی درۆنی کرایەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر. رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بە رووداوی راگەیاند، لە هێرشەکەدا سێ کەس کوژراون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
بە گوتەی قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، "سێ کوژراوەکە بیانین؛ لەنێو بریندارەکانیشدا کورد هەیە." رەمک رەمەزان گوتی، سەرچاوەی درۆنەکەش نادیارە.
 
دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا وەزارەتەکانی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان رایانگەیاند، بەرهەمهێنانی کارەبا نزیکەی 2500 مێگاوات کەمبووەتەوە.
 
رەمک رەمەزان رایگەیاند، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج هەمان ئەو شوێنەیە کە جاری پێشوو هێرشی کرایەسەر، دەرەوەی کەمپەکەیە و شوێنەکە لەژێر نۆژەنکردنەوەدا بووە.
 
لەبارەی کێڵگەی گازی کۆرمۆرەوە
 
کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵ. کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن. کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز.
 
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
 
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008، بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.