لە ئیلام چوار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی دەرەشار-بەدرەی سەر بە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار کەس گیانیان لەدەستدا، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگاکە دەڵێت، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان بە سەرنشینەوە سووتاوە.
شەوی پێنجشەممە، 25-04-2024، بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگەی دەرەشار-بەدرەی سەر بە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، تەکسییەک لە جۆری پیژۆ 405، گڕی گرت و بەهۆیەوە هەر چوار سەرنشینەکەی سووتان و گیانیان لەدەستدا.
ئەبولفەزل کەهزادی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای ئیلام رایگەیاند: ''رووداوەکە لە نێوان تەکسییەکە و بارهەڵگرێکدا بووە کە بەهۆی تیژڕۆییشەوە ئەو کارەساتەی لێکەوتووەتەوە.''
کەهزادی گوتی، هۆکاری پێکدادانەکە، لادانی بارهەڵگرەکە بۆ سایدی بەرامبەر بووە. گوتیشی: ''شۆفێری بارهەڵگرەکە بە سووکی بریندار بووە و لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنی خێراوە چارەسەر کراوە.''
دەرەشار لە باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە و بەپێی دوایین سەرژمێری ساڵی 2016ـی ناوەندی ئاماری ئێران، ژمارەی دانیشتووانی 22 هەزار کەسە.
رۆژی 7ی نیسانی 2024، ئەحمەد شیرانی، بەڕێوەبەری ناوەندی زانیاری و کۆنترۆڵی ترافیکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای نەورۆزەوە تائێستا 100 هەزار رووداوی هاتووچۆ لەو وڵاتە روویانداوە و بەهۆیەوە 813 کەس گیانیان لەدەستداوە و 21 هەزار و 441 کەسیش بریندار بوون.