وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پێشوازی لە دەستپێکردنەوەی دیالۆگی کوردی – کوردی دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، پێشوازی لە دەستپێکردنەوەی دیالۆگی کوردی – کوردی دەکەن.
 
رۆژی هەینی 25ی نیسانی 2025 گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، "ئەمریکا پێشوازی لە دەستپێکردنەوەی دیالۆگی کوردی – کوردی دەکات و چاوی لەوەیە بەرەوپێشچوونی بەردەوامی هەبێت."
 
ئەمڕۆ 26-04-2025 کۆنفرانسی نەتەوەیی کوردی رۆژئاوای کوردستان لە قامشلۆ بەڕێوەدەچێت. خاڵە سەرەکییەکانی ئەو کۆنفرانسە هەر 13 خاڵی رێککەوتنی ئەنەکەسە و پەیەدە دەبن، لەگەڵ یەکخستنی ستراتیژیی گوتاری کورد و پێکهێنانی شاندێکی هاوبەش بۆ دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق.
 
کۆنفرانسی نیشتمانی نێوەڕۆکی رێککەوتنێکی نێوان PYNK و ENKSی تێدا دەخوێندرێتەوە؛ ئەو رێککەوتنە ئەنجامی گفتوگۆیەکی نێوان هەردوولا بوو. کۆنفرانسەکە لایەنەکانی نێو ئەنەکەسە و پەیەنەکەی تێدا بەشدار دەبێت، لەگەڵ هەندێک کەسایەتیی سڤیل و نوێنەری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
 
کۆنفرانسەکە 190 کەس لە لیژنەی ئامادەکار، ژمارەیەک نوێنەری PYD و پارتی دیکە، نوێنەری رێکخستن و بزووتنەوە و لایەنە سیاسییەکان لەخۆدەگرێت.
 
340 ئەندام لە پارت و لایەنەکانی نێو ENKS و PYNK لە کۆنفرانسەکەدا بەشداری دەکەن، لەگەڵ 20 تاوەکو 30 کەسی دیکە لە نوێنەری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەشێوەیەکی گشتی و بە تێکرا هەر پارت و لایەنێک دوو نوێنەر دەنێرێتە کۆنفرانسەکە.