نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە سوودانی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، پیرۆزبایی لە محەممەد شیاع سوودانی دەکات بەبۆنەی دووبارە دەستنیشانکردنەوەی بە ئەمینداری گشتی لە لایەن رەوتی فوراتەین.
ئەمڕۆ شەممە، 26ـی نیسانی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پیرۆزبایی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و رایگەیاند: "پیرۆزبایی لە برای بەڕێزم، محەممەد شياع سوودانی دەکەم بە بۆنەی دووبارە دەستنیشانکردنەوەی بە ئەمینداری گشتی لە لایەن رەوتی فوراتەین."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "ئەم دەستنیشانکردنەوەیە رەنگدانەوەی پێزانینی جەماوەرە بە رێباز، ئەزموون و ئامادەیی کاریگەری ئەو لە سەر ئاستی نیشتمانی. ئێمە ئەو رۆڵە لە هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین و چاومان لە درێژەپێدانی پێکەوەکارکردنی بەرهەمدارە بۆ بەرژەوەندیی عێراق و سەقامگیریییەکەی."
رۆژی هەینی، 25-04-2025، رەوتی فوراتەین کۆنگرەی خۆی بەست و دووبارە متمانەی بە سوودانی دایەوە وەکو ئەمینداری گشتیی رەوتەکە.
سەرباری بەخشینەوەی متمانە بە سوودانی، پشتیوانی خۆیشیان بۆ کارەکانی سوودانی لە حکومەت دەربڕی.