پارێزگاری کرماشان لە هەڵەبجەیە؛ "بەڵێنی ئامادەکاری بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی سازان دراوە"
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کرماشان لە هەرێمی کوردستانە و لەگەڵ پارێزگاری بەوەکالەتی هەڵەبجە کۆبووەوە. پارێزگاری بەوەکالەتی هەڵەبجە دەڵێت: ''لە مانگی داهاتوودا بەردی بناخەی رێگەی دەروازەی سنووریی سازان دادەندرێت.''
ئەمڕۆ شەممە، 26-04-2025، مەنوچێهر حەیدەری، پارێزگاری کرماشان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەڵەبجە و لەلایەن نوخشە ناسح، پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت پێشوازی لێکرا.
دوای کۆبوونەوەیان، هەردوو پارێزگار لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا وردەکاریی کۆبوونەوە و گرنگیی سەردانەکەیان خستەڕوو.
نوخشە ناسح، پارێزگاری بەوەکالەتی هەڵەبجە رایگەیاند: ''سەردانی جەنابی پارێزگار چەند مەبەستی هەیە و یەکێک لەو مەبەستانە پیرۆزباییکردن لە هەڵەبجەیە کە بووە 19ـیەمین پارێزگای عێراق؛ هەروەها کۆبوونەوەیەکمان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان کرد.''
نوخشە ناسح گوتی: ''ئێمە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران جگە لەوەی پەیوەندییەکی هاوسنوورییمان هەیە، هەموو کات پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی و باشیشمان هەبووە و هەوڵ دەدرێت پەرە بەو پەیوەندییانە بدەین.''
رۆژی 14-04-2025 پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و تێیدا دەنگ بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە درا و بەوجۆرە هەڵەبجە بووە 19ـەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان.
پارێزگاری بەوەکالەتی هەڵەبجە گوتی: ''ئێستا کە بووینەتە پارێزگایەکی نوێی حکومەتی فیدراڵی، هەوڵ دەدەین لەدوای تەواوکردنی رێکارە کارگێڕییەکان لەلایەن بەغداوە، بتوانین دەروازە سنوورییەکانمان بکەینە فەرمی و دەروازەی سنووریی دیکەش وەک دەروازەی سنووریی سازان بکەینەوە.''
هەڵەبجە لە رێگەی کرماشانەوە دوو دەروازەی سنووری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە، ئەوانیش دەروازەکانی شوشمێ (تەوێڵە) و پشتەن. نوخشە ناسح لەبارەی کردنەوەی دەروازەی سازانەوە گوتی: "وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاری باشمان لەسەر کردووە. پێم وایە لە مانگی داهاتوودا ئەگەر زووترنەبێت درەنگتر نییە، بەردی بناخەی رێگەی دەروازەی سنووریی سازان دادەندرێت.''
پارێزگاری بەوەکالەتی هەڵەبجە گوتیشی: ''لە لایەن ئێرانیشەوە بەڵێنمان پێدراوە ئامادەکاریی خۆیان بکەن بۆ ئەوەی دەروازە سنوورییەکە ئامادەی کرانەوە بێت''.
دەروازەی سنووریی سازان دەکەوێتە سنووری گوندی سازانی پارێزگای هەڵەبجە، هاوسنوورە لەگەڵ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگاکانی هەڵەبجە و کرماشان پێکەوە دەبەستێتەوە.
بەگوتەی نوخشە ناسح، لە کۆبوونەوەکەیاندا بڕیار دراوە لیژنەیەکی هاوبەش بە سەرپەرشتیی هەردوو قایمقامی هەڵەبجە و پاوە پێکبهێندرێت بۆ ئەوەی مانگانە کۆببنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ بەرەوپێشچوونی هاوئاهەنگییەکان لە بواری وەبەرهێنان، گەشتیاری و کشتوکاڵ بکەن.
وەک پارێزگاری بەوەکالەتی هەڵەبجە دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی لە پارێزگاکە و گوتیشی: ''لە کۆبوونەوەکەماندا بڕیاری هاوئاهەنگی و هێنانی پزیشکی تایبەتمەند بۆ نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی درا.''
هاوکات مەنوچێهر حەیدەری، پارێزگاری کرماشان لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکەدا رایگەیاند: ''ئامانجی سەردانەکەم پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان دوو پارێزگاکە و پیرۆزباییکردن بوو بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە.''
مەنوچێهر حەیدەری جەختی لەوە کردەوە: ''دوو وڵاتی ئێران و عێراق پەیوەندیی قووڵیان هەیە و ئاسایش و ئابوورییان پێکەوە بەستراوەتە.