سەندیكای رۆژنامەڤانانی ئەورووپا سەنتەرێكی چاودێری لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە سەندیكای رۆژنامەڤانانی یەكێتیی ئەورووپا، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێكخراوی پەیامنێران، سەنتەرێكی چاودێری لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە. ئامانج لەو سەنتەرە چاودێریكردنی ئازادیی رادەبڕین و ئازادیی كاری رۆژنامەڤانیی دەبێت.
 
ئەمڕۆ شەممە، 26ـی نیسانی 2025، هۆزان قادر، سەرۆكی رێكخراوی پەیامنێران بە رووداوی گوت: "لەسەر بانگهێشتی رێكخراوەكەمان، شاندێکی سەندیكای رۆژنامەڤانانی یەكێتیی ئەورووپا، سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە و لە ماوەى سێ رۆژ مانەوەیاندا بەشدارییان لە چەندین چالاكیی میدیایی و دیداری بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کردووە."
 
بەگوتەی هۆزان قادر، بڕیار دراوە سەندیكای رۆژنامەڤانانی یەكێتیی ئەورووپا، سەنتەرێكی چاودێریكردن بە مەبەستی ئاگاداربوون لە دۆخی ئازادیی رادەبڕین و ئازادیی كاری رۆژنامەڤانی لە هەرێمی کوردستان بكاتەوە.
 
ئاربەر هیتای، سەرۆکی سەندیکای رۆژنامەڤانانی یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت بە کردنەوەی سەنتەرەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پەنجەرەیەکە بۆ لێکتێگەیشتن و کردنەوەی خولی راهێنان لە هەرێمی کوردستان و بەپێچەوانەوەش لە وڵاتانی ئەورووپا."
 
ئاربەر هیتای گوتیشی، "لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆمان کردووە و بەنیازین بۆ یەکەمجار لە مێژووی سەندیکاکەمان لە دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، کۆنگرەی سەندیکاکەمان لە هەرێمی کوردستان بکەین."
 
سەندیكای رۆژنامەنووسانی یەكێتیی ئەوروپا لەساڵی 1963 دامەزراوە و لە 11 وڵات لقی هەیە، هەروەها خاوەنی سێ هەزار ئەندامە.