چەند ئاسایشێک و پاسەوانانی ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەبێتە شەڕیان


رووداو دیجیتاڵ

چەند کارمەندێکی ئاسایش لە سلێمانی و پاسەوانانی زیاد جەبار، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێتە شەڕیان و بە شەق و بۆکس لە یەکدی دەدەن. دەزگای ئاسایش دەڵێت، هێرشکارەکان دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

ئەمڕۆ شەممە، 26.04.2025، دوای رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی بلە (ئیبراهیم ئەحمەد) لە سلێمانی، زیاد جەبار لەبەردەم هۆڵەکە قسە بۆ رۆژنامەڤانان دەکات.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لەکاتی کۆنگرەکەدا ئۆتۆمبێلێکی ئۆپەراسیۆنەکانی سەر بە ئاسایش هۆڕن لێدەدات و دەنگی بڵندگۆکەی دەکاتەوە و داوا دەکات بەردەمی چۆڵ بکەن. 
 

دواتر پاسەوانەکانی زیاد جەبار، لەگەڵ ئاسایشەکانی بەشی ئۆپەراسیۆن دەبێتە دەمەقاڵەیان و بە بۆکس و شەق لەیەکدی دەدەن. 

 

هەرچەندە زیاد جەبار هەوڵدەدات دۆخەکە هێوربکاتەوە، بەڵام ئەویش دەکەێتە نێوانیان و بە ئەستەم خۆی بۆ رزگار دەکرێت.
 
عەقید سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو كەسانەی بوونە هۆی گرژی و ئاڵۆزی، سەرجەمیان دەستگیركراون و لیژنەی لێكۆڵینەوەش بۆ هۆکارەکەی پێکهێنراوە."
 
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی رووداوەکە دەڵێت: "لێژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێنراوە، ئەوانەی سەرپێچی یاساییان کردووە و هێرشیان کردووەتە سەر پاسەوانەکانی بەڕێز زیاد جەبار، لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی، سەرجەمیان دەستگیرکراون و رێکاری یاسایی بەرامبەریان گیراوەتەبەر."