لاهوور شێخ جەنگی بۆ مەزڵووم عەبدی: ئەمڕۆ بۆ هەر چوار پارچەى کوردستان رۆژێکى مێژوویی و لەبیرنەکراوە

رووداو دیجیتاڵ

لاهوور شێخ جەنگی، بەبۆنەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ''یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد'' لە رۆژئاوای کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مەزڵووم عەبدی کردووە و دەڵێت، "چەندین دەیەیە رۆچووەتە نێو مێشک و هزرى یەک بە یەکمان و تەنانەت دۆستەکانیشمانەوە، پێیانوایە میللەتى کورد قەت نابنە برا، بەڵام ئێوە پێتانگوتین، دەتوانین برا بین و پشت و پەناى یەکدى بین."
 
ئەمڕۆ شەممە، 26ـی نیسانی 2025، لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی، "پڕ بە دڵ پیرۆزبایی بەستن و سەرکەوتنى کۆنفرانسى یەکڕیزی و یەکهەڵوێستى کورد لە رۆژئاواى کوردستانـتان لێدەکەم، ئەمڕۆ نەک تەنیا بۆ رۆژائاواى نیشتمان، بەڵکو بۆ هەر چوار پارچەى کوردستان رۆژێکى مێژوویی و لەبیرنەکراوە."
 
لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت، "ئێوە ئەو تێگەیشتنەتان ئاوەژوو کردەوە، کە چەندین دەیەیە رۆچووەتە نێو مێشک و هزرى یەک بە یەکمان و تەنانەت دۆستەکانیشمانەوە، پێیانوایە میللەتى کورد قەت نابنە برا، بەڵام ئێوە پێتاگوتین، دەتوانین برا بین و پشتوپەناى یەکدى بین."
 
ئەمڕۆ لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، کۆنفرانسی ''یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد'' بە ئامادەبوونی نزیکەی 400 ئەندام و نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەچوو.
 
سەرۆکی بەرەی گەل بە مەزڵووم عەبدی دەڵێت، "هەڤاڵى بەڕێز، دڵنیام ئەم سەرکەوتنەتان درێژکراوەى سەرکەوتنەکانى 14 ساڵى رابردووە، ئێوە وەک چۆن لە مەیدانى شەڕى گەورەترین رێکخراوى تیرۆریستى جیهانیی سەلماندتان بێوێنەن، لە خەبات و قوربانیدان و تاوەکو ئێستا بە خوێن و فرمێسک، ئەزموونى رۆژئاواى نیشتمانتان پاراستووە، بەم هەنگاوەى ئێستاشتان کە دەستى ئاشتى و مەردایەتییان بۆ سەرجەم لایەنە کوردییەکان درێژکردووە، دەتوانن پایەکانى ئەزموونەکە تۆکمەتر بکەن و وێنایەکى جوانى نەتەوەى کورد پیشانى هەموو جیهان بدەن."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا لاهوور شێخ جەنگی رایگەیاندووە، "شانازیی دەکەم وەک چۆن 10 ساڵ لەمەوبەر کۆبانێمان بەتەنیا بەجێنەهێشت و هاوكار بووين بۆ کردنەوەی دەرگا داخراوەکان بە رووی رۆژئاڤا، ئێستاش بە هەمان گیانى نەتەوەییەوە بۆ ئەوەى ئەم کاروانە ئاشتى و برایەتییە بگاتە دوامەنزڵ، هەرچییەکمان لە دەستبێت درێخى ناکەین."
 
لاهوور دەشڵێت، "لە ماوەکانى رابردوودا کارمان لەسەر لێکنزیکبوونەوە و تواندنەوەى بەستەڵەکى نێوان لایەنە کوردییەکان کردووە، ئێستاش کار بۆ بەهێزترکردنى دەکەین. لەسەر ئاستى نێودەوڵەتی و لاى وڵاتانى دۆست و هاوپەیمانانیش، بەردەوامین لە کۆکردنەوەى پشتیوانى زیاتر تاوەکو لەم قۆناغە نوێیەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، دەستکەوتەکانى نەتەوەکەمان پارێزراوبن و تۆکەمتریان بکەین."
 
لە کۆنفرانسەکەدا پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی؛ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)؛ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان؛ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)؛ کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) و چەندین لایەنی دیکەی کوردستانی خوێندرانەوە.
 
دوای نێوەڕوش، بە خوێندنەوەی راگەیێندراوی کۆتایی، کۆنفرانسەکە کۆتایی هات. راگەیێندراوی کۆتایی کۆنفرانسەکە لە لایەن فۆزا یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە و محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) خوێندرایەوە.
 
راگەیێندراوی کۆتایی کۆنفرانسی ''یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد'' لە رۆژئاوای کوردستان باس لەوە دەکات کە لایەنە بەشدارەکانی کۆنفرانسەکەکە لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە "لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی مێژوویی و وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی قۆناخی ئێستا، دیدێکی سیاسیی هاوبەشی کورد کە رەنگدانەوەی ویستی بەکۆمەڵ و پڕۆژەیەکی راستەقینە بێت، دروست بکەن بۆ چارەسەری دادپەروەرانەی کێشەی کورد لە سوریا وەک دەوڵەتێکی دیموکراسی و ناناوەندی."