پەیامی سەرۆک بارزانی لە 'کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیی کورد': یەکگرتن چارەسەری پرسی کوردە لە سووریا

 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری سەرۆک بارزانی لە 'کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیی کورد' لە رۆژئاوای کوردستان پەیامی سەرۆک بارزانیی لە کۆنفرانسەکە خوێندەوە، کە جەخت لە چارەسەری ئاشتی و دیپلۆماسی دەکاتەوە و دەڵێت، "یەکگرتن چارەسەری پرسی کورد دەکات لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان."
 
لە پەیامی سەرۆک بارزانیدا کە د. حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی لە 'کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیی کورد' لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان خوێندیەوە، هاتووە، "پاڵپشتیی هەر هەوڵێک دەکەم بۆ یەکگرتوویی کورد لە رۆژئاوای کوردستان."
 
بەشێکی پەیامەکانی سەرۆک بارزانی کە حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسەکە دا خوێندنیەوە: 
 
- ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێکی مێژووییە بۆ یەکڕیزیی کورد بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەر بۆ پرسی کورد کە بەشداریی راستەقینەی کورد لەو وڵاتە مسۆگەر بکات. 
 
- سوپاسی هەوڵەکانی مەزڵووم عەبدی دەکەم بۆ سازکردنی ئەم کۆنفرانسە.
 
- دەیان ساڵە گەلی کورد بەدەست فەرامۆشکردن، بێبەشكردن و نکۆڵیکردن و چەوساندنەوەوە دەناڵێنێت.
 
- ئەمڕۆ دەرفەتی زۆر باش بۆ گەلەکەمان هاتوونەتە پێش و بەرپرسیارێتیییەکەی مێژوویی قورس دەکەوێتە سەر شانتان بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و ئامادەکردنی پڕۆژەیەکی بەرفراوان و گونجاو کە خواستی گەلەکەمان لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوو، ئازاد و دیموکراسیدا بەدیبێنێت. 
 
- چارەسەری ئاشتییانە و دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی مژارە ئاڵۆزەکان لە هەموو کاتێک گرنگترە.
 
- پاڵپشتیی بنیاتنانی سووریایەکی نوێی دیموکرات، هەمەڕەنگ، یەکسان کە تێیدا مافەکانی گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانەوە مسۆگەر بکرێن. 
 
- پاڵپشتیی دەستوورێک دەکەین کە گەرەنتیی ئاسایش، ئارامی و پێکەوەژیان و لێبوردەیی لە وڵاتدا مسۆگەر بکات.
 
- ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێکی بنچینەییە بۆ بنیاتنانی پاشەڕۆژێکی گەش بۆ هەموو سووریاییەکان. 
 
- یەکگرتنی کورد و بنیاتنانی بنچینەیەکی هاوبەش دەرگەی بنەڕەتیی چارەسەرێکی دادپەروەر و یەکجاریی پرسی کوردە لە سووریا. 
 
- پێکهێنانی شاندێکی هاوبەشی کوردی بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق هەنگاوێکی پێویستی بەشداریی راستەقینەیە بۆ بنیاتنانی داهاتووی وڵات و مسۆگەرکردنی مافی گەلەکەمان.
 
- جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندیی برایەتی لەگەڵ کورد و هەموو پێکهاتەکانی سووریا دەکەین.