کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان کۆتایی بە کارەکانی هێنا
رووداو - هەولێر
رۆژی شەممە، 26ی نیسانی 2025، لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، کۆنفرانسی ''یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد'' لە رۆژئاوای کوردستان بە ئامادەبوونی نزیکەی 400 ئەندام و نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەچوو.
لە کۆنفرانسەکەدا پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی؛ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)؛ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان؛ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)؛ کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) و چەندین لایەنی دیکەی کوردستانی خوێندرانەوە.
دوای نێوەڕوش، بە خوێندنەوەی راگەیێندراوی کۆتایی، کۆنفرانسەکە کۆتایی هات. راگەیێندراوی کۆتایی کۆنفرانسەکە لە لایەن فۆزا یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە و محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) خوێندرایەوە.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەکگرتوویی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لە گوتارێکدا رایگەیاند: "سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەین بۆ پاڵپشتی و هاوکارییەکانی بۆ رۆژئاوای کوردستان." pic.twitter.com/k4P5P5PT98
— Rudaw (@Rudawkurdish) April 26, 2025
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، لە 26ی نیسانی 2025، دوای دیالۆگی درێژخایەن و هەوڵەکانی دۆستان و برایان، بە بەشداریی لایەنە کوردییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بزووتنەوەی ژنان، رێکخراوەکانی ژنان و چالاکڤانانی کۆمەڵگەی کورد لە ناوچە جیاوازەکانی کورد لە سووریا، لە شاری قامشلۆ بەڕێوەچوو."
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە ئامانجی بەڕیوەچوونی کۆنفرانسی ''یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد'' لە رۆژئاوای کوردستان کراوە و دەڵێت: "کۆنفرانسەکە بە ئامانجی گرتنەبەری دیدگەیەکی یەکگرتووی کورد بۆ بنیاتنانی سوریایەکی نوێ و بەشداریکردنی لە داڕشتنی ئایندەی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد، لەم قۆناخە گرنگەی مێژووی سوریادا، دوای رووخانی رژێمی ستەمکار لە دیمەشق لە 8ی کانوونی دووەمی 2024، سازکرا."
هەروەها ئاماژە بە خەبات و قوربانیدانی گەلی کورد و سووریا دژی رژێمی پێشووی سووریا لە پێناو گەیشتن بە مافەکانیان و بەدەستهێنانی ئازادی دەکات و دەڵێت: "گەلی کورد دەیان ساڵە خەبات دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە ستەمی نەتەوەیی و بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی خۆی و هەمیشە خەباتی نەتەوەیی خۆی بە خەباتی نیشتمانپەروەرانەی خۆی بۆ دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسی فرەیی لە سووریا گرێداوە."
راگەیێندراوی کۆتایی کۆنفرانسی ''یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد'' لە رۆژئاوای کوردستان باس لەوە دەکات کە لایەنە بەشدارەکانی کۆنفرانسەکەکە لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە "لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی مێژوویی و وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی قۆناخی ئێستا، دیدێکی سیاسیی هاوبەشی کورد کە رەنگدانەوەی ویستی بەکۆمەڵ و پڕۆژەیەکی راستەقینە بێت، دروست بکەن بۆ چارەسەری دادپەروەرانەی کێشەی کورد لە سوریا وەک دەوڵەتێکی دیموکراسی و ناناوەندی."
چەند پەیامێکی 'مێژوویی' سەرۆک بارزانی لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان لە پەراوێزی کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی کوردhttps://t.co/FNEJ0WWqcm pic.twitter.com/A3tru6ILzh
— Rudaw (@Rudawkurdish) April 26, 2025
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، "بەشداربووان دیدگەی هاوبەشی کوردیان پەسند کرد کە پێشکێشی کۆنفرانسەکە کرا وەک بەڵگەنامەیەکی دامەزرێنەر کە گوزارشت لە ویستی بەکۆمەڵ و روانگەیەکی واقیعی دەکات بۆ چارەسەرێکی دادپەروەرانە و هەمەلایەنە بۆ پرسی کورد لە چوارچێوەی سوریایەکی یەکگرتوو، بە شوناسە فرە نەتەوەیی و فرە کولتووری و فرە نەتەوەییەکانی، کە دەستوورەکەی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد گەرەنتی دەکات و پابەندە بە پەیماننامە و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، پاراستنی ئازادییەکان و مافی ژنان و رێگەیان پێدەدات بەشداری کاریگەرانە لە هەموو دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازییەکان بکەن."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کۆنفرانسەکە بە داننان بەم دیدە هاوبەشە کوردییە، داوای پەسندکردنی دەکات وەک بنەمایەک بۆ گفتوگۆی نەتەوەیی، چ لە نێوان هێزە سیاسییە کوردییەکان، هەروەها لە نێوان ئەوان و ئیدارەی نوێی دیمەشق و هەموو هێزە نەتەوەییەکانی دیکەی سووریا."
لایەنە بەشداربووەکانی کۆنفرانسی ''یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد'' لە رۆژئاوای کوردستان داوا دەکەن، بەشداری لە بنیاتنانی سووریایەکی نوێدا بکەن؛ (سووریایەک) کە هەموو گەلەکەی لەخۆبگرێت، بەبی نەهێشتن یان پشتگوێخستنی هیچ کام لە پێکهاتەکانی، دوور لە عەقڵیەتی یەکلایەنە لە فیکر و پراکتیک، لەڕووی دەستوورییەوە بە بێ هیچ جیاکارییەک شکۆ و مافەکانیان بپارێزێت."
هەروەها داوا دەکرێت، "سووریا رێز لە پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی بگرێت و فاکتەری سەقامگیری و ئاسایش بێت لە ناوچەکەدا."
راگەیێندراوەکە دەڵێت، "کۆنفرانس بڕیاریدا بە زووترین کات شاندێکی هاوبەشی کوردی پێکبهێندرێت بۆ کارکردن بەرەو دۆخێکی سیاسی لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی ئەو دیدە و بەشداریکردن لە دیالۆگ و راوێژ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدیهێنان و دەستەبەرکردنی ناوەڕۆکەکەی."