چەند خوێندکارێک دەڵێن زانکۆی سلێمانی لێخۆشبوون لە کرێی خوێندن جێبەجێ ناکات؛ زانکۆکەش وەڵامیان دەداتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

خوێندکارە چەمچەماڵییەکانی زانکۆی سلێمانی دەڵێن، لە بەشێکی کۆلێژەکانی زانکۆکەیان لێخۆشبوون بۆ کرێی خوێندنی پارالێل ناکرێ و بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا جێبەجێ ناکرێت. گوتەبێژی زانکۆکە دەڵێت، "هەر خوێندکارێک دانیشتووی چەمچەماڵ بێت، بە دڵنیایی لێخۆشبوونەکە دەیگرێتەوە."
 
بەهۆی لافاوەکەی مانگی 12ی پار لە قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری لە پارێزگای سلێمانی، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری دا لە کرێی خوێندنی خوێندکارانی پارالێلی ئەو ناوچانە خۆشبێت کە زیانیان بەرکەوتووە.
 
خوێندکارەکان بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، "بە بڕیارێکی وزاری بڕیار درا بە لێخۆشبوون لە کرێی خوێندنی پارالێل بۆ ساڵی 2025 – 2026 بۆ خوێندکارانی سنووری چەمچەماڵ بەهۆی دروستبوونی لافاوی ناوچەکەمان، ئێستا ئەو بڕیارە نەگەیشتووە بە بەشی تۆماری کۆلێژەکانی زانکۆی سلێمانی و بڕیارەکە جێبەجێ ناکرێت."
 
د. یۆهان عوسمان، گوتەبێژی زانکۆی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارەکەی وەزارەت روونە و دەڵێ کۆدی تاقیکردنەوەی قوتابیانی سنووری چەمچەماڵ 05 بووە، هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە ئەو کۆدەیان هەیە و لێخۆشبوونیان بۆ دەکرێت."
 
گوتەبێژی زانکۆی سلێمانی گوتیشی، "ژمارەیەک خوێندکار لێخۆشبوون نایانگرێتەوە کۆدیان 05 نییە، دەکرێ خەڵکی قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری بن، بەڵام دانیشتووی شارێکی دیکە بوون، تاقیکردنەوەیان لە چەمچەماڵ نەبووە ئەوانە ناگرێتەوە، ئەوانەی لە سنووری ناوچە زیانلێکەوتووەکانی چەمچەماڵ نیشتەجێبوون هەموویان لێخۆشبوونەکە دەیانگرێتەوە، چونکە کۆدی 05 یان هەیە."
 
د. یۆهان عوسمان ئاماژەی بەوەکرد، "ئەگەر کەسێک کۆدی 05ـی نەبێ، ئەوە دەتوانێ پشتگیری ناوچەکەی بێنێت، وەکو پشتگیری موختار کە دانیشتووی چەمچەماڵ بووە، ئەو کاتە لێخۆشبوونەکە دەیگرێتەوە".
 
لە 14-01-2026، لە فەرمانێکی وەزاریدا بە ژمارە 21، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا بە لێخۆشبوون لە خوێندکارانی دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ بۆ بڕی ماوەی کرێی خوێندنیان بۆ ساڵی خوێندنی 2025 – 2026.
 
وەزارەتەکە رایگەیاند، لێخۆشبوونەکە پێویستی بە پشتگیری نییە بۆ خوێندکاران؛ "بەڵکو بە هاوئاهەنگی نێوان تۆماری گشتی و بەشی دارایی زانکۆکان لە رێگەی سیستمی زانکۆلاین، لە کۆدی تاقیکردنەوە کە بریتییە لە 13 ژمارە و ژمارەی (پێنجەم و شەشەم) بۆ دەرچووانی پەروەردەی چەمچەماڵ بریتییە لە (05) دڵنیاببنەوە، کە شوێنی نیشتەجێبوونیان قەزای چەمچەماڵ و ناوچە زیانبەرکەوتوەکانە و کاری پێویستیان بۆ بکەن بۆ لێخۆشبوون لە کرێی خوێندن."
 
بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەو خوێندکارانە دەگرێتەوە، کە "بە پارالێل یان خوێندنی ئێواران وەرگیراون لە خوێندنی بەرایی (دبلۆم و بەکالۆریۆس) و خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) لە سەرجەم زانکۆکان."