زانیاریی نوێ لەسەر دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی گەیێندرایە دادگەی تاوانی سلێمانی 2 بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵام دادوەرانی کەیسەکە هیچ بڕیارێکیان لەبارەیەوە نەدا.
قادر ئاغا مەنتک، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار، رۆژی یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دۆسیەی کاک لاهوور و دەستگیرکراوانی دیکە گەیێندرایە دادوەرانی دادگەی تاوانەکانی سلێمانی دوو، بەڵام بڕیاریان لەبارەیەوە نەدا".
پارێزەرەکەی لاهوور شێخ جەنگی گوتی: "دادوەر خوێندنەوە بۆ پەڕاوەکان دەکات و بڕیارە لەم هەفتەیەدا یەکلایی بکەنەوە".
19ـی نیسان، لاهوور شێخ جەنگی راگەیێندراوێکی لە فەیسبووکی خۆی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "هەشت مانگە دوور لە هەموو نەریتێکی دامەزراوەیی و یاسایی بە ناحەق زیندانی کراوین".
لاهوور شێخ جەنگی لە زیندانەوە رایگەیاند: "بۆ ئەوەی دادگە رێڕەوی یاسایی خۆی بگرێ، تاوەکو ئێستا چاوەڕێمان کردووە، بەڵام دیارە گوشاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگە و دامەزراوەکان رێگرە لەوەی دۆسییەی سیناریۆکانی خۆیشیان بچێتە دادگەی تەمیز، بۆیە لەگەڵ کاک پۆڵاد [شێخ جەنگی لە زیندان] پێکەوە بڕیارمان داوە لەمڕۆوە مان لە خواردن بگرین تاوەکو ئەو کاتەی سەروەری یاسا لە دۆسییەکەمان بەدی دەکەین".
دوای سێ رۆژ لاهوور شێخ جەنگی و براکەی، بە وەرگرتنی بەڵێنی کارکردن لە دۆسیەکەیان مانگرتنیان شكاند.
زۆرینەی دەستگیکراوانی لالەزار ئازاد کراون، دوایین گرووپێکی 10 کەسی بوو لە چوارشەممە 10ـی نیسان ئازاد کران.
قادر ئاغا مەنتک گوتی: "ئێستا جگە لە کاک لاهوور، 18 دەستگیرکراوی دیکەی لالەزار لە زینداندا ماونەتەوە".
رووداوەکەی لالەزار
شەوی 22ـی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ گەمارۆی هۆتێل لالەزاری سلێمانییان دا، کە جێگەی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی و بەشێکی بەرپرسانی حیزبەکەی و پاسەوانەکانی بوون.
دوای رازینەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار. دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.
لە پێکدادانەکەی 22ی ئابی 2025دا، ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا گیانلەدەستدانی پێنج کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەس بوو.