رووداوێکی هاتووچۆی خوێناوی لە کەرکووک؛ 7 کەس گیانیان لەدەستدا و 21ی دیکە بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لە دەروازەی شاری کەرکووک لەسەر  شەقامی گشتیی سلێمانی لە نێوان بارهەڵگرێکی چیمەنتۆ و 20 ئۆتۆمبێلی دیکە، 7 کەس گیانیان لەدەستدا و 21 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
رۆژی یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، عامر نووری شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگەی کەرکووک - سلێمانی روویدا و بارهەڵگرێک خۆی کێشاوە بە زیاتر لە 20 ئۆتۆمبێلی دیکەدا".
 
بە گوتەی عامر نووری، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی ئەو رووداوەدا 7 کەس مردن و 21ـی دیکەش بریندارن بوون. گوتیشی: "بارهەڵگرەکە هی گواستنەوەی چیمەنتۆی وشک بووە و دوای ئەوەی خۆی بە 15 ئۆتۆمبێلەکەدا کێشاوە، ئاگری گرتووە".
 
هەر لە دوای رووداوەکە، تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن تاوەکو رێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری بکەن.
 
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، گوتی: "سێ ژن و پیاوێک و منداڵێکن."