حاجییانی کەرکووک بەرەو سعودیە بەڕێکەوتن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یەکشەممە لە کەرکووک یەکەم کاروانی حەجییان بەرەو عەرەبستانی سعودیە بەڕێکەوتن.
 
شێخ دلێر جەبار بەرزنجی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری نووسینگەی کەرکووکی دەستەی حەج و عومرەی عێراق ئەمڕۆ 26ی نیسانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمانە کەسوکاری شەهیدان و لەسەر پشکی دەزگای شەهیدانن، ژمارەیان 150 کەس بوو لە پێکهاتە جیاوازەکانی کەرکووک بە کورد و عەرەب و تورکمانەوە.
 
بە گوتەی شێخ دلێر جەبار بەرزنجی، ئەمانە بە رێکار و رێنوێنیی تایبەتی دەزگای شەهیدان هەڵبژێردراون و تیروپشکیان بۆ کراوە، پشکی کەرکووک 150 کەس بووە.
 
یاریدەدەری بەڕێوەبەری نووسینگەی کەرکووکی دەستەی حەج و عومرەی عێراق، ئاماژەی بەوەش کرد، هەر پاسێک 22 بۆ 25 حاجیی تێدایە، هەر کەسێک دوو کورسیی بۆ دابینکراوە، بە 6 پاس ئەمڕۆ وەک یەکەم کاروان بەڕێکەوتن.
 
پشکی کەرکووک لە حەجی ئەم ساڵ 1280 کەسە. شێخ دلێر جەبار بەرزنجی گوتی، بەگوێرەی پلانی ئەمنی، بە رێگەی کەربەلاوە دەچنە سعودیە.
 
ئەم ساڵ سەرجەم کاروانی حاجییانی عێراق و بەشێکی وڵاتانی ناوچەکە لە رێگەی وشکانییەوە بەرەو سعودیە بەڕێدەکەون. یەکەم کاروانی حاجییانی عێراق لە 25ی ئەم مانگە لە بەسرەوە رێککەوتن و حاجیانی هەرێمی کوردستانیش لە  6ی مانگی داهاتوو بەڕێدەکەون.
 
ئەم ساڵ 5120 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە حەج، رۆژی 6ـی ئایار یەکەم کاروان لە هەولێرەوە بەڕێ دەکەوێ و تاوەکو 10ـی ئایار سەرجەم حاجیان بەڕێدەکەون.