ئومێد خۆشناو: نێوەڕاستی ئەم ساڵ کارەبای تەواوی سنووری هەولێر دەبێتە 24 کاژێری
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، سێ وێستگەی نوێی کارەبا لە سێ ناوچەی جیاوازی سنووری پارێزگاکە دادەنرێت و نێوەڕاستی ئەم ساڵ کارەبای تەواوی پارێزگای هەولێر دەبێتە 24 کاژێری.
لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی پارێزگای هەولێردا هاتووە: "بە گوژمەی نزیكەی 100 ملیار دینار پڕۆژەی دانانی سێ وێستگەی 132کەی ڤی کارەبا بۆ گەڕەکی 8ی حەسارۆك، ناوچەی پیشەسازیی تیمار و شەمامك جێبەجێ دەکرێت".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دانانی ئەو وێستگانە دەبنە هۆکاری هەموو ئەو کێشە تەکنیکییانەی ئێستا لەو ناوچانەدا هەن".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "تاوەکو نێوەڕاستی مانگی شەشی ئەم ساڵ، کارەبای سنووری تەواوی پارێزگای هەولێر دەبێتە 24 کاژێری".
ئومێد خۆشناو دەڵێت: "تاوەکو ئەمڕۆ بەشێکی سنووری مەخموور و شەقڵاوە ماون کارەبایان بکرێتە 24 کاژێری، بە دڵنیاییەوە تاوەکو مانگی شەش کارەبای ئەوانیش دەبێتە 24 کاژێری".
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، لە 23ـی نیسانی 2026 لە رایگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا، کارەبای 24 کاژێری بۆ تەواوی شارەکانی زاخۆ، سۆران، راپەڕین، پیرمام، ئاکرێ، سیمێل و کۆیە دابینکراوە.
بەگوێرەی وەزارەتەکە، کارەبای 24 کاژێری گەیێندراوەتە نزیکەی 5 ملیۆن و 500 هاووڵاتیی کە دەکاتە زیاتر لە 85%ـی کۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.