ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی: هیچ پەیوەندییەکی سیاسی لە نێوان یەکێتی و پارتیدا نەماوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئێستا پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی گەیشتوونەتە بنبەست و هیچ گفتوگۆیەک لە نێوانیاندا نییە، بەڵام دەشڵێت، یەکێتی ئامادەیە بە 'وەرەقەیەکی نوێ' دەست بە دانوستاندنەکان بکاتەوە.
لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، باسی لە پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی کرد و رایگەیاند، "ئێستا هیچ پەیوەندییەکی سیاسی لە نێوان یەکێتی و پارتیدا نییە. هیچ گفتوگۆیەک نییە، تەنیا ئەوە نەبێت کە هێزێکی نێودەوڵەتی یان ئیقلیمی بێتە نێوانمان، کە ئەمەش بە کارێکی رەوا نابینین و دەبێت خۆمان پێکەوە دابنیشین."
سەبارەت بە هەوڵەکانی پێشووی یەکێتی بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان، لوقمان وەردی ئاشکرای کرد کە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، 16 جار سەردانی سەرۆک مەسعود بارزانی کردووە بە مەبەستی رێککەوتن. گوتیشی: "تەنیا پێش ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، سەرۆک بافڵ سێ جار لەگەڵ جەنابی کاک مەسعود دانیشتووە، کە لە دوو دانیشتندا کاک نێچیرڤان بارزانی و کاک قوباد تاڵەبانیش بەشدار بوون، بەڵام پارتی ئامادەی رێککەوتن نەبوو."
ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان وەک یەکێتی لە پرسی هەڵبژاردنی جێگری سەرۆکی پەرلەماندا دەنگیان بە بەربژێری پارتی دا، بەڵام پارتی لە پرسی سەرۆککۆماردا ئامادە نەبوو پشتیوانی بەربژێری یەکێتی بکات.
لوقمان وەردی باس لەوە دەکات کە پارتی بەهۆی ئەوەی 39 کورسی هەیە، دەیەوێت هەژموونی خۆی بسەپێنێت، بەڵام دەڵێت، "ئێستا ئێمە و نەوەی نوێ پێکەوە لێکتێگەیشتنمان هەیە و خاوەنی 38 کورسین، بەرامبەر 39 کورسییەکەی پارتی. بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە باڵانسی هێز راست بکرێتەوە و پۆستەکانی حکومەت بە دادپەروەری دابەش بکرێن."
دەنگۆی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە، بەڵام لوقمان وەردی ئەوەی بە ناواقیعی دەزانێت و دەڵێت، "ئەگەر سێ هەڵبژاردنی تریش بکرێت، ئەنجامەکە هەر ئەوەیە کە دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین."
لوقمان وەردی دەڵێت، سەرباری پچڕانی پەیوەندییە سیاسییەکان، بەڵام یەکێتی دەرگای گفتوگۆی دانەخستووە و ئامادەیە بە "وەرەقەیەکی نوێی دانوستاندن" بکات، چونکە بە گوتەی ئەو، پەیوەندیی نێوان ئەو دوو هێزە نابێت بپسێت لەبەر بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان، بەڵام "پێویستە لایەنی بەرامبەریش ئامادەیی تێدا بێت."
زیاتر لە ساڵ و نیوێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستەکان، تاوەکو ئێستا کابینەی نوێی حکومەت پێکنەهێندراوە.