تەرمی گەشتیارێکی عەرەب دوای 22 رۆژ لە خنکانی لە رووباری چۆمان دەدۆزرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سێیەم رۆژی جەژنی رەمەزان لەپێناو رزگارکردنی کچەکەی لە خنکان، گەشتیارێکی عەرەب بە ناوی عەبدولڕەزاق عەبدولقار خۆی خستە رووباری چۆمان لە قوبەی گەڵاڵە بەڵام خۆی و کچە 11 ساڵانەکەی بە ناوی دینە خنکان.
 
گەشتیارەکە تەمەنی 38 ساڵ بوو و لە پێناو رزگارکردنی کچەکەی خۆی خستە نێو رووبارەکە. هەر ئەوکات تەرمی کچەکەی دۆزرایەوە و دوای 22 رۆژ گەڕان ئەمڕۆ پێنجشەممە 26/5/2022 تەرمی باوکەکەش دۆزرایەوە.
 
بەیار باڵەکی، گوتەبێژی پۆلیسی بەرگریی شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ماوەی 22 رۆژ پۆلیس و ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکە بە دوای گەشتیارەکەوە بوون، بەڵام لێڵی و خێرایی ئاوی رووبارەکە پرۆسەی دۆزینەوەی دواخست و ئەمڕۆ بە دووری تەنها کیلۆمەترێک لەو شوێنەی کەوتبووە رووبار تەرمەکەی دۆزرایەوە.
 
ئەو ماڵە باوک و دایکێک و چوار منداڵ بوون، لە سەوزاییەکی قەراخ رووباری چۆمان دانیشتبوون و دوای چەند کاژێرێک ئەو رووداوەیان بەسەر هاتووە. پێشمەرگەیەک رووداوەکەی بینیوە و دەڵێت، "زۆر سوێمان بووەوە بۆیان، وەک خەڵکی باڵەکایەتی ناوەستین تا تەرمی باوکەکەش دەدۆزینەوە".