سەرۆکی کۆمیسیۆن: کار بە نووسراوەکەی سەرۆکی پەرلەمان ناکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە رووی یاساییەوە ئەوان کار بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان دەکەن بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و نووسراوەکەی سەرۆکی پەرلەمان لە رووی یاساییەوە کاری پێناکرێت و کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە.
"دوو نووسراوی پێچەوانە"
هەندرێن محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات گوتی: "دوو نووسراوی پێچەوانەمان لە پەرلەمانی کوردستانەوە پێگەیشتووە، نووسراوێکیان بڕیاری پەرلەمانە بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و لە رۆژنامەی وەقائیعدا بڵاوکراوەتەوە و رێکارە یاساییەکانی بڕیوە، نووسراوێکیشیان نووسراوی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانە، بەڵام ئێمە کاری پێناکەین و کار بە بڕیاری پەرلەمان دەکەین و کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە و ئێستا کاری خۆی دەکات و نووسراوی بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردن."
رۆژی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023ـی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە، بەڵام ئاڵۆزی و شەڕ لەنێوان پەرلەمانتاراندا روویدا، چونکە رۆژێک پێشتر بەبێ رەزامەندیی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لەلایەن جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانەوە خرایە بەرنامەی کارەوە، پارتی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکە کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە و یەکێتیش رەتیدەکاتەوە.
"25 ملیۆن دۆلار بۆ خەرجیی هەڵبژاردن"
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات کە بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان نزیکەی 25 ملیۆن دۆلاریان بۆ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن پێویستە، گوتی، "بودجەیەکی دەستنیشانکراو بۆ هەڵبژاردن نییە و سەرقاڵی ئامادەکارییەکانن، بەڵام بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان کۆمیسیۆن نزیکەی 25 ملیۆن دۆلاری پێویستە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن و لەو بڕەش 80%ی بۆ پاداشتی کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدانە."
رۆژی سێشەممە 23-05-2023، نووسراوێک بە واژۆی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کورستان بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتووە: پاڵپشت بە حوکمی بڕگەی 1 لە ماددەی 56 لە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەموارکراو و حوکمی مادەی خاڵی 1 لە بڕگەی یەکەم لە مادەی 5ی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان -عێراق ژمارە 4ی ساڵی 2014 بڕیاردراوە بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و ناوی ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانیش لە نووسراوەکەدا نووسراوە کە دوو ئەندامی نوێیان تێدایە و جێگەی ئەو دوو ئەندامە دەگرنەوە، کە لە ئەنجوومەنەکەدا نەماون.
"کورسیی کۆتاکان و یاسای هەڵبژاردن"
هەندرێن محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان بەهۆی کورسیی پێکهاتەکانەوە دەڵێت: "ئێمە پێشنیاز بۆ لایەنە سیاسییەکان دەکەین کە پرسی پێکهاتەکان نەکەنە گرفت لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن و دەکرێت لە هەمواری یاسای هەڵبژاردندا بڕگەیەک جێگیر بکەن، کە دەنگدەرانی تایبەت رێگەیان پێنەدرێت دەنگ بە کۆتای پێکهاتەکان بدەن تاوەکو گومانی لایەنە سیاسییەکان بڕەوێتەوە."
لەبارەی یاسای هەڵبژاردنیش سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی دەڵێت، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان نەگەنە رێککەوتن لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، ئەوا هەڵبژاردن بە یاسا کۆنەکە دەکرێت، چونکە یاسا بەسەر ناچێت ئەگەر یاسایەکی نوێ لە شوێنی دەرنەکرێت.
رۆژی یەکشەممە 26-03-2023 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، فەرمانی هەرێمیی ژمارە 90ـی ساڵی 2023ـی خوێندەوە و گوتی: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2005ـی هەمووارکراو کە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکردووە."