سەنتەری میترۆ: سووکایەتی بە تیمی رووداو و کەناڵەکانی دیکە لە پیرەمەگروون شەرمەزار دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

لەکاتی رووماڵکردنی ناڕەزایی بەشێکی هاونیشتمانییانی پیرەمەگروون دژی دانانی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ، تیمی رۆژنامەڤانیی تۆڕی میدیایی رووداو و دوو کەناڵی دیکە لەلایەن ئاسایشی ناحیەکەوە کرایەسەر. سەنتەری میترۆ دەڵێت، ئەوەی لە پیرەمەگروون روویداوە دەرخەری ئەوەیە کە هێزی ئەمنی رێز لە گردبونەوەی ئاشتیخوازانە و ئازادیی رۆژنامەگەری ناگرن.
 
ئەرکان عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی لەبارەی رووداوەکەی ئەمڕۆەوە گوتی، "کاتێک ئەو کەسانەی ناڕەزاییەکەیان رێکخستبوو راگەیێندراویان خوێندەوە پرسیارێکم کرد؛ وەڵامی پرسیارەکەم وەرنەگرتەوە هێزێکی ئاسایش هاتنە سەرمان؛ دوو بۆکسی تووندیان بەسەری ئالان محەممەدی کامێرامانمان کێشا و کامێراکەیان لێ وەرگرت؛ مایک و مۆبایلەکەی منیشیان برد، گوتم کێشە چییە خۆم دێم، بەڵام چەندین وشەی نەشیاویان پێ گوتین".
 
پەیامنێری رووداو لە سلێمانی کە بۆ رووماڵی رووداوەکە چووبووە پیرەمەگروون لە پارێزگای سلێمانی، ئاماژەی بەوەکرد، ئاسایشی سلێمانی هاوئاهەنگی باشی لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو هەیە و بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی خۆی هاوکاری دەکات لە پێدانی زانیاری بە رۆژنامەڤانانی رووداو؛ گوتیشی: "نازانین ئاسایشی پیرەمەگروون بۆ بەمشێوەیە مامەڵە دەکات و ئەو شەقوەشاندن و سووکایەتییە بۆچی؟"
 
ئەرکان عەلی ئاماژەی بەوەکرد کە 18 ساڵە کاری میدیایی دەکات و "سووکایەتی" لەو جۆرەی پێنەکراوە. گوتیشی، "بە قۆناخە تفەنگی ئاسایشی پیرەمەگروون ژێری نینۆکم تەقیوە و باڵیشم شین بووەتەوە".
 
پەیامنێرەکەی رووداو ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئازاردانی جەستەیی و دەروونی و جنێودان بە تیمی رووداو و دوو کەناڵی دیکە، براون بۆ ئاسایشی پیرەمەگروون و دەڵێت، "پێیانگوتین بۆ داوای مۆڵەتتان نەکردووە لە ئێمە؛ گوتم: ناکرێ بچینە هەر قەزا و ناحیەیەک داوای مۆڵەت لە ئاسایش بکەین و داواشم بکردایە دوای 48 کاژێر وەڵامیان دەدامەوە؛ گوتیشم رووداو مۆڵەتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتەکانی ناوخۆ و رۆشنبیری هەیە. دواتر گوتیان هەڵە تێگەیشتن هەبووە و لێپرسینەوە لەو تیمە دەکەین و ئێوە دەتوانن بڕۆنەوە جێگەی خۆتان؛ داوای لێبووردنیان کرد".
 
لەبارەی رووداوەکەی ئەمڕۆی پیرەمەگروونەوە، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆنامەڤانان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "زەبروزەنگ و پەلاماردانی تیمەکانی رووداو، پەیام، ئێن ئاڕ تی و ئازاردانیان، شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەوانییان، دەستبەسەرکردن و سووکایەتی بە پیشەکەیان لە ناحیەی پیرەمەگروون، دەرخەری ئەو راستییەن کە هێزی ئەمنی رێز لە گردبونەوەی ئاشتیخوازانە و ئازادیی رۆژنامەگەری ناگرێت و لە بۆسەدایە بۆ پێشێلکردنی ئەو مافانە".
 
سەنتەری میرۆ پشتیوانیی خۆی بۆ تیمی رووداو و هەموو ئەو رۆژنامەڤانانە دووپاتکردووەتەوە کە ئەمڕۆ لە لەلایەن هێزی ئەمنییەوە "ئازار دراون" و سەرکۆنەی هێرشەکەش دەکات.
 
بەپێی ئاماری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان، ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان 431 پێشێلکاری بەرامبەر 301 رۆژنامەڤان و دامەزراوەی میدیایی کراوە.