کۆنسوڵخانەی قەتەر لە هەولێر بەفەرمی کرایەوە

رووداو دیجیتاڵ 

کۆنسوڵخانەی گشتیی قەتەر بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی و ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە هەولێر کرایەوە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 26ـی ئایاری 2024، لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا لە هەولێر کۆنسوڵخانەی وڵاتەکە کرایەوە. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا گوتی: "کردنەوەی کۆنسوڵخانەی گشتیی قەتەر، هاوکار و یارمەتیدەر دەبێت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بەتایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی و کشتوکاڵی و کولتووری و خوێندنی باڵادا. 
 
لای خۆیەوە، حوسێن بن عەلى فەزا لە کۆنسوڵى قەتەر رایگەیاند: "بە ویستى خوا ئەمە هەنگاوێک دەبێت بۆ بەهێزکردنى پەیوەندیى دووقۆڵى لە نێوان وڵاتى قەتەر و هەرێمى کوردستان، زۆر بوار هەن بۆ هاریکارى؛ گەشتیارى، وەرزشى، کولتوورى، کۆمەڵایەتى و وەبەرهێنان، بە ویستى خوا داهاتوو برەوپێدراو و پڕۆژەى زیاترى تێدا دەبێت، پێشبینیم وایە ئەمە دەرفەتێکى باش دەبێت بۆ را کێشانى وەبەرهێنەرانى قەتەرى بۆ هەرێمى کوردستانى عێراق." 
   
کۆنسوڵی قەتەر باسی لەوەش کرد، بەشێوەیەکى گشتى "هەندێک کۆمپانیاى قەتەرى و هەندێک هاوبەشی هەیە، بەڵام دەمانەوێت زیاتر بەهـێزى بکەین،کار لەسەر بونیاتنانى ئەنجوومەنێکى پەیوەندى دەکەین لەگەڵ هەرێمى کوردستان." 
 
هاوکات، ئەحمەد حەسەن حەمادى، ئەمیندارى گشتیى وەزارەتى دەرەوەى قەتەر لە گوتارێکدا رایگەیاند، کردنەوەى کۆنسوڵخانەى وڵاتەکەى لە هەولێر سەرکەوتنە بۆ پەیوەندى دوو قۆڵى قەتەر لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا. ئاماژەى بەوەشدا کە دەیانەوێت پڕۆژەکانى وەبەرهێنان دەرفەتى کار بۆ هەزاران گەنجى عێراق و کورد بڕەخسێنێت.
 
ئەحمەد حەسەن حەمادى گوتى: "کردنەوەى کۆنسوڵخانەکە سەرکەوتنە بۆ پەیوەندیى دوو قۆڵى گەشەسەندووى قەتەر لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان کە لە بوارى جیاوازدا لە گەشەسەندندایە لە رووى سیاسى، ئابوورى و وەبەرهێنان و کولتوورى".