د. محەممەد شوکری بۆ رووداو: هەوڵی وەبەرهێنانی کۆمپانیا فەرەنسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەدەین

رووداو دیجیتاڵ
 
شاندێکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی بازرگانیی فەرەنسا و عێراق بەشدارە. سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان کە سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات دەڵێت: ''هەوڵ دەدەین رەزامەندیی چەند کۆمپانیایەک بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان وەربگرین''.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 26-05-2025، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە پاریس بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''گرنگییەکی تایبەت بە کۆڕبەندەکە دەدەین، چونکە ئێستا چەند کۆمپانیایەکی فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن و چاوەڕێی هاتنی کۆمپانیای زیاترین.''
 
بەگوتەی د. محەممەد شوکری، جگە لە بەشداریکردنیان لە کۆڕبەندەکە، ژمارەیەک کۆبوونەوە و دیداری تایبەتیان لەگەڵ لایەنی حکومیی فەرەنسا و کۆمپانیاکانی وڵاتەکە دەبێت ''بۆ ئەوەی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و گرنگیی دروستکردنی پەیوەندیی بازرگانی بخەینەڕوو.''
 
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، هەوڵ دەدەن لە کۆڕبەندەکەدا رەزامەندیی ژمارەیەک کۆمپانیا وەربگرن بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و گوتی: ''کۆمپانیا عێراقییەکانیش کە لە کۆڕبەندەکەدا بەشدارن، بۆ ئێمە گرنگن. ئەگەر لێرەوەش پەیوەندییان لەگەڵ دروست بکەین، بۆ هەرێمی کوردستان هەر قازانجە.''
 
بەگوتەی محەممەد شوکری، ئێستا چەند کۆمپانیایەکی فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن کە بەشێکیان تایبەتن بە کشتوکاڵ و گوتی: ''دوایین پڕۆژەی هاوبەش، پڕۆژەی چاندنی دار و گوڵ بوو لەگەڵ کۆمپانیایەکی فەرەنسی بە ناوی پاڵمێرز کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە هەولێر دەست بە بەرهەمهێنان دەکات.''
 
لە ساڵی 2023 فەرەنسا بایی 341 ملیۆن دۆلار کاڵای بۆ عێراق هەناردە کردووە. سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی: ''سیاسەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە کەرەستە و شتومەکی پێویست لە نێوخۆ بەرهەم بهێنرێ، بۆ نموونە ئێستا تەواوی کەرەستە بیناسازییەکان لە نێوخۆ بەرهەم دەهێنرێن.''
 
محەممەد شوکری گوتی: ''دەتوانین سوود لە ئەزموونی وڵاتان وەربگرین و وەبەرهێنانیان ببەینە هەرێمی کوردستان، بەڵام گرنگە بەرهەمهێنانی شتومەک لە نێو هەرێمی کوردستان بکرێت.''
 
بڕیارە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا لەگەڵ وەزیری بازرگانیی فەرەنسا دیداری هەبێت. محەممەد شوکری رەتی کردەوە لە کۆبوونەوەکەدا هیچ گرێبەستێک واژۆ بکرێت و گوتی: ''تەنیا گفتوگۆ لەسەر دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەبێت کە ئێمە چۆن دەتوانین لە داهاتوودا بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان فراوانتر بکەین.''
 
چاوی فەرەنسا لەسەر چەند پڕۆژەیەکی گەورە و ستراتیژییە لە عێراق. سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان گوتی: ''ئەو پڕۆژانەی ئێستا فەرەنسا لە رێگەی هەندێک کۆمپانیای گەورەی نەوت و گازەوە لە عێراق جێبەجێیان دەکات، بێگومان بۆ ئێمەش گرنگن و دەمانەوێت کۆمپانیا فەرەنسییەکان لە بوارەکانی پەرەپێدان و پیشەسازیی نەوت و گازدا لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.''
 
قەبارەی بازرگانیی ساڵانەی نێوان عێراق و فەرەنسا نزیکەی 2.2 ملیار دۆلارە. ساڵی 2023 عێراق بایی 1.84 ملیار دۆلار هەناردەی بۆ فەرەنسا هەبووە، فەرەنساش 341 ملیۆن دۆلار هەناردەی بۆ عێراق هەبووە.