خەڵاتی 'قەڵەمی هەژار' لە سنە دابەشدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە رێوڕەسمی دابەشکردنی یەکەم خەڵاتی (قەڵەمی هەژار) لە زانکۆی کوردستانی سنە بەڕێوەدەچێت و خەڵاتی تایبەت دەبەخشرێتە نووسەرانی 6 بەرهەم کە بە زمانی پاراوی کوردی نووسراون.
د. یادگار کەریمی، سکرتێری رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی (قەڵەمی هەژار) رایگەیاند، 941 بەرهەم بۆ سکرتاریەتی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی (قەڵەمی هەژار) نێردراون و لیژنەی دادوەران 6 بەرهەمیان هەڵبژاردووە بۆ پێدانی خەڵاتی تایبەت و 32 بەرهەمیش دیاریکراون بۆ رێزلێنان.
84 کەس ئەندامی لیژنەی دادوەرانن لە نێوخۆ و دەرەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان.
د. نەجمەدین جەباری، سکرتێری زانستیی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی قەڵەمی هەژاریش رایگەیاند، زۆرترین بەرهەمی بۆیان نێردراوە، وەرگێڕان بووە و 74٪ی ئەوانەی بەرهەمیان ناردووە پیاو و 36٪یشیان ژنن.
یەکەمجارە خەڵاتی قەڵەمی هەژار دابەش دەکرێت و بە گوتەی بەڕێوەبەرانی رێوڕەسمەکە، گەورەترین خەڵاتی جیهانی کتێبی کوردییە. لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکەدا، ژمارەیەک لە نووسەر و وەرگێڕانی هەر چوار پارچەی کوردستان و نووسەر و وەرگێڕانی کورد لە دیاسپۆرا بەشداری دەکەن.