لە مهاباد کرێکارێک لە باڵەخانەیەک دەکەوێتە خوارەوە و گیان لەدەستدەدات
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری مهاباد کرێکارێک بە لە نهۆمی سێیەمی باڵەخانەیەک کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 26ی ئایاری 2025، کرێکارێک بەناوی ئیبراهیم رەسووڵزادە، لە کاتی کارکردن لە باڵەخانەیەکی سێ نهۆمی لە سەر باڵەخانەکە بەربووەتەوە و پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە".
هاونیشتمانییەک لە مهابادەوە بە رووداوی گوت، "ئیبراهیم رەسووڵزادە لە کاتی دروستکردنی رووکاری باڵەخانەیەکی سێ نهۆمی بەربووەتەوە و گیانی لە دەستداوە."
هاونیشتمانییەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "رەسووڵزادە خەڵکی گوندی قوم قەڵای سەر بە شاری مهابادە و تەمەنی 24 ساڵ بووە."
ئەو لە کاتێکدایە دادپزیشکی ورمێ دەڵێ، "لە 21-3-2025 تاوەکو 21-4-2025، واتە لە ماوەی مانگێکدا چوار کرێکار لە پارێزگاکە لە کاتی کارکردندا گیانیان لە دەستداوە و 80 کرێکاری دیکەش بریندار بوون."
بەپێی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو پار لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لانیکەم دوو هەزار و 79 کرێکار بە هۆی رووداوی کار گیانیان لەدەستداوە و 16 هەزار و 273 کرێکاری دیکەش بەهۆی ئەو رووداوانە برینداربوون.